لە چوارچێوەى نەخشە ڕێگاى جێبەجێکردنى پڕۆژەى ناساندنى بەنێودەوڵەتیکردنی زمان و ئەدەبى کوردى، لێژنەى باڵاى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە پسپۆڕان و شارەزایانی زمان و ئەدەب و مێژوو و کەلتور و جوگرافیا و دیراساتی کوردی دەکات، کە ناو و ناونیشانى زانستییان ڕەوانەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بکەن بۆ ئەوەی لە جێبەجێکردنی پرۆژەی ناساندنى بەنێودەوڵەتیکردنی زمانی کوردی بەشدار بن.
دوای ئەوەی لە دوایین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پڕۆژەی ناساندنى بەنێودەوڵەتی زمان و ئەدەبی کوردی پەسەندکرا، ژمارەیەک لە زانکۆ بیانییەکان پەیوەندییان بە وەزارەتەکەمان کرد بۆ ئەوەى سود لەو پڕۆژە گرنگەى وەزارەت وەربگرن.
پڕۆژەی ناساندنى بەنێودەوڵەتیکردنی زمانی کوردی بریتییە لە تەرخانکردنی ژمارەیەک کورسی خوێندنی بەکالۆریوس، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان بۆ قوتابی و خوێندکاری نێودەوڵەتی لە بوارەکانی زمان و ئەدەب و مێژوو کەلتور و جوگرافیا و دیراساتی کوردی، لە چوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا، پێشکەشکارانی نێودەوڵەتی دەتوانن لەو بوارانەدا لە زانکۆکانی کوردستان لە ژێر سەرپەرشتی مامۆستا و شارەزایانی هەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندن بدەن، کۆی تێچووی ئەم پڕۆژەیەش لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابین دەکرێت.
بۆیە وەزارەتەکەمان داوا لە پسپۆڕان و شارەزایانى زمان و ئەدەبى کوردى، جوگرافیا، مێژوو لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و دەرەوە دەکات، ئەوانەى توانا و حەز و ئارەزویان هەیە و زمانى ئینگلیزى دەزانن، دەتوانن تا ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (۲۰۱۷/٥/۱۱) ناو و ناونیشانى زانستى و پوختەى ئەزموون و کارکردنیان لە ڕێگەی ئیمەیلی (ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.) ڕەوانەى لێژنەکەمان بکەن، بۆ ئەوەى ببنە بەشێک لە پڕۆژەکە و وانە بەو خوێندکارە بیانیانە بڵێنەوە کە لە چوارچێوەى پڕۆژەى (Kurd Scholarship) دێنە هەرێمى کوردستان و، لە زانکۆکانى کوردستان زمان و ئەدەب و مێژو کەلتور و کەلەپور و جوگرافیاى کوردستان دەخوێنن.