لە ساڵێادی کارەسات و ڕاپەڕینی قەڵادزێ، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی (٢٠١٧/٤/٢٤)، "د.یوسف گۆران" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەسەردانێک گەیشتە قەڵادزێ و بەشداری مەراسیمێکی تایبەت بەکارەساتی (١٩٧٤/٤/٢٤) و ڕاپەڕینی (١٩٨٢/٤/٢٤) کرد و، وتارێکی لە کونفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی "کاریگەری زمان و ئەدەب لەسەر بونیادی هزری و درێژەپێدانی زانستی" پێشکەشکرد.
لەو چوارچێوەیەدا و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بە هاوبەشی لەگەڵ "د. موفق خالید" سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین، بەشداریکرد لە مەراسیمی ساڵوەگەڕی یادی کارەساتی بۆردومانی قەڵادزێ و ڕۆژی شەهیدانی زانکۆ، مەراسیمەکە بەساتێک ڕێزگرتن بۆگیانی پاکی شەهیدان و خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستپێکرد.
هەر لەو مەراسیمەدا، کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و لێپرسراوانی حکومی و حزبی و خەڵکی ناوچەکە ئامادەیبوون، چەند وتارێک پێشکەشکران، لە وتارەکاندا بیرەوەرییەکانی کارەسات و ڕاپەڕینی شارەکە باسکران، هەروەک باس لە ڕۆڵی قارمانانەی خەڵکی دەڤەرەکە لە ڕووبەڕووبونەوەی ڕژێمە فاشیستەکان و دوژمنانی گەلی کورد کرا، لە بەشێکی دیکەی وتارەکاندا جەختی لە پێویستی زیاتری ئاوەدانکردنەوەی شارەکە کرا.
هەر لەو مەراسیمەدا چەند نمایشێکی هونەری تایبەت بەکارەسات و ڕاپەڕینەکە پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا "د.یوسف گۆران" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و "د. موفق خالید" سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین، تاجەگوڵینەی ڕێزو وەفایان لەسەر مەزاری شەهیدانی کارەساتی بۆردومانی قەڵادزێ و شەهیدانی زانکۆ دانا.
سێیەمین کونفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی دەستیپێکرد
لەلایەکی دیکە و هەر لە قەڵادزێ، ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی (٢٠١٧/٤/٢٤) بەچاودێری و ئامادەبونی "د. یوسف گۆران" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، "محمود حاجی ساڵح" وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و، "د. موفق خالد" سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و، ژمارەیەکی زۆر لە توێژەران و مامۆستایان و خوێندکاران، کۆلێژی پەروەردە لە قەڵادزێ (سێیەمین کونفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی) خۆی بەدروشمی "کاریگەری زمان و ئەدەب لەسەر بونیادی هزری و درێژەپێدانی زانستی" دەستپێکرد.
کۆنفرانس بەپێشکەشکردنی چەند وتارێک دەستپێکرد
لە مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، دوای ئەوەی ئامادەبوان بەساتێک وەستان ڕێزیان لە شەهیدان گرت، پاشان کورتە فیلمێک بەناونیشانی (بونیاد و کارەسات و ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوە) نمایشکرا، دواتریش چەند وتەیەک پێشکەشکران، لەوانە وتاری "د. سەردار فتح اڵڵە" سەرۆکی لێژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنفرانس و، وتاری "د.موفق خالید " سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین، لە وتارەکانیاندا باسیان لە لایەنەکانی کارکردن و ئامانجەکانی کۆنفرانس و کارنامەی زانکۆکە کرد، بەتایبەت لە بوارەکانی کارگێڕی و کواڵیتی و دڵنیایی جۆری و گەشەپێدانی زانستی زانکۆ، هەروەک سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرا لە بەرامبەر هاوکاریکردنی زانکۆ بۆ ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکە.
زمان و ئەدەب تا ئیستا تیشکی ئەوتۆی نەخراوەتەسەر
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، "د. یوسف گۆران" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێکی پێشکەشکرد، لە سەرەتایی وتارەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین کرد و وتی: بەستنی سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی گرنگی خۆی هەیە چونکە تایبەتە بەزمان و ئەدەب و کاریگەرییەکانی لەسەر بوونیادی هزری و درێژەپێدانی زانستی، ئەوەش کارێکی زۆر گرنگە و تا ئێستا تیشکێکی ئەوتۆی نەخراوەتەسەر.
ڕاپەڕین و کارەسات بوو بە وزە و هەوێنی بەهێزتربوونی ڕقی پیرۆزی خەڵکی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: ئەمڕۆ ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکدا دەبەستین کە یادێکی کارەساتبار و ڕوداوێکی تراژیدی مێژوویی بەرخودان و خەباتی گەلەکەمان بەیەکەوە، لە قەڵادزێی دوجار شەهید و هەمیشە زیندو کۆدەبینەوە، لەم ڕۆژەدا و (٤٣) ساڵ بەر لەمەوبەر ڕژێمی ڕەفتار فاشیستی بەعس بەوپەڕی دڕندەیی و دوور لە هەمو پێوەرێکی مرۆیی بەبۆمبی ناپاڵم شاری قەڵادزێی خەڵتانی خوێنکرد و، سەدان هاوڵاتی سیڤیل و بێتاوانی کردە قوربانی، ئەم کارەساتە ئەو ڕۆژە ڕەشەی هاوڵاتیانی شاری قەڵادزێی خەبات و کوردایەتی برینێکە کە هەمیشە لە یادەوەری هەموماندایە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زیاتر لەبارەی ئەو رۆژە دوا و وتی: ئاشکرایە بەپێی پلانی دەسەڵاتی بەعسی لەناوچوو، ئەم بۆمبارانە وەک ئەوان بیریان لێکردبوەوە دەبێتە هۆی چۆکدادانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی خەباتی کورد و، ئەو شارەش لە شاری لانکەی شۆڕشی بەرنگاری و کوردایەتیەوە دەکاتە شارێکی ترساوی بێ جوڵەی سیاسی و ڕۆشنبیری، بەڵام مێژووی شۆڕشی گەلی کوردستان و قوربانیەکانی و چالاکی سیاسی کوردایەتی قەڵادزێ لە قۆناغەکانی دواتردا ئەو خەیاڵ و خەونە نەگریسەی لە گۆڕنا و دەرکەوت خوێنی بەناهەق ڕژاوی ئەو ڕۆژە خەمبارە بوو بە وزە و هەوێنی بەهێزتربونی ڕقی پیرۆزی کوردستانیان لە داگیرکەری دڵ پڕ لە قین.
زانکۆی سلێمانی توانی لە قەڵادزێ درێژە بەکاروانی زانستخوازی خۆی بدات
دیوسف گۆران ئەوەشی ڕاگەیاند: ئەم بۆمبارانکردنەی قەڵادزێ لەو ڕۆژ و سەردەمە تەنها بۆ لێدانی ئیرادەی پۆڵاینی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و دانیشتوانی ئەم شارە پڕ لە حەماس و کوردایەتییە نەبوو، بەڵکو بەتەنیشت ئەویشەوە بۆ لێدان وی کوژاندنەوەی چرای زانست و ڕۆشنبیری بوو، چونکە لەو سەردەمەدا زانکۆی سلێمانی گواسترابۆوە بۆ قەڵادزێ، کە ئەوە بۆخۆی نیشاندانی گەشەکردنی بزوتنەوەی کوردایەتی بوو، هەروەها تەحدایەکی گەورەی دەسەڵاتی بەعس بوو، چونکە ئەوە یەکەم جار بوو زانکۆیەکی گرنگ و گەورەی وەک زانکۆی سلێمانی لە هەوای ئازاد و دوور لە دەسەڵاتی داپلۆسێنەری بەعس درێژە بەکاروانی زانستخوازی خۆی بدات.
یادی کارەساتەکانمان بەکۆنفرانس دەکەینە پەیامی زانست و ئاشتی و بەیەکەوەژیان
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە ئەرکی وەزارەتەکەی بۆ بایەخدان بەناوچەکە کرد و وتی: لە سۆنگەی ئەرکە نیشتیمانی و نەتەوەییە پیرۆزەکەماندا، وەزارەتەکەمان بەردەوام بایەخدان بەزانکۆ و خوێندنی زانستی لەم شارە ئازیزە بەپێیی توانا بەئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی دەزانێ، سەرباری ئەرکە زانستی و ئەکادیمیەکەی، وتیشی هاوکات لەگەڵ یادی کارەساتی بۆمبارانکردنی ئەم شارە سێیەمین کۆنفرانسی زانستی لەبارەی زمان و کاریگەرییەکانی لەسەر هزر و پەرەپێدانی زانستی دەبەستێ، هیواشی خواست لە ساڵانی ئایندە بەتواناو ئاستیکی گەورەتر ئەو کۆنفرانسە ڕێکبخەن تا لەو ڕێگەیەوە نەریتی یادی کارەساتەکانمان بگۆڕین بۆ پەیامی زانست و ئاشتی و بەیەکەوەژیان، بەو شێوەیە باشترین وەفاو ڕێز لە شەهیدانی کارەساتەکان و کەس وکاری قوربانیەکان دەگرین، هەربۆیە لەم کۆنفرانسەدا لەگەل تویژینەوەکان بەزمانی شیرینی کوردی چەندین توێژینەوەش لەبارەی زمان و ئەدەبی عەرەبی پێشکەش دەکرێن، بەوەش جگە لە ئەرکە زانستی و ئەکادیمیەکە پەیامێکی سیاسی ڕونیشە بەوەی کە گەلی کورد هیچ کات بۆتە تراژیدی و کارەساتبارەکانی ناکاتە بیانو بۆ ڕق و ڕەتکردنەوەی نەتەوەکانی تر، بەڵکو لە گەرمەی ئەو یادانەشدا ئێمەی کورد دەستی برایەتی و تەبایی و بەیەکەوەژیان بۆ نەیارانی دوێنێیی خۆمان درێژ دەکەین.
خەمی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ زمان خەمێکی زانستی و ئەکادیمییە
د.یوسف گۆران بەشێکی دیکەی وتارەکەی تەرخانکرد بۆ گرنگی زمان و لەوبارەیەوە وتی: زمان یەکێکە لە کلیلە هەرەسەرەکیەکانی زانست و زانستخوازی، لەو سۆنگەیەوە جەختکردنەوەی بەردەوامی ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر بابەتی زمان و بایەخی زۆرمان بەڕێکخستنەوەی ئەو بوارە گرنگە لەسەرجەم کایە زانستی و مەعریفیەکاندا بەپێی ستانداردە جیهانی و ئەکادیمیەکان، بۆ ئەوەیە کە ئاستی خوێندنی باڵا بەپشتیوانی هەمولایەک بەرز بکەینەوە، هەرچەندە هەندێک جار بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشێوەی ناڕاست خوێندنەوەی بۆ دەکرێ، بەڵام خەمی ئێمە خەمێکی زانستی و ئەکادیمییە، هەوڵە بۆ تەریبکردنەوەی خوێندنی باڵا لەسەرجەم زانکۆکانی کوردستان بەستانداردە جیهانییەکان، ڕونیشیکردەوە ئەو کارەش لەسەرێکەوە وەفایە بۆ خوێندنی شەهیدان و قوربانیەکان، لەسەرێکی تریشەوە هاوکاریکردنی نەوەی نوێ و گەنجانی وڵاتە تا بەچەکی زانست بێنە کۆڕی خەباتی پیشکەوتنخوازی و، بەهەمووان کار بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ کۆمەڵگەکەمان بکەین، وتیشی: ڕێگەی بەستنی کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی باشترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، چونکە دەتوانین مەعریفەی زانستی زانکۆکانمان تێکەڵ بەسەرچاوەو میتۆدە زانستییەکانی زانکۆکانی جیهان بکەین و، لە داهاتودا زانکۆ و توێژەرەکانمان لە بەرکارەوە بۆ بەرهەمهێن بگۆڕین، وتیشی ئەو بایەخدانەی ئێمەش بەزمان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هەمەلایەنی زانستی و ئەکادیمی و نەتەوەیدایە و، لەسەریشی بەردەوام دەبین، چونکە ئێمە پێمان وایە ناوەندەکانی زانست و ئەکادیمی دەتوانن ڕۆڵی گەورە لەبەرەوپێشبردنی زمانی نەتەوەیمان ببینن و، سەرئەنجام جێ پەنجەیان لە یەکخستنی زمانی نەتەوەیمان دیار بێت، چونکە زمانی نەتەوەیمان کۆڵەگەیەکی سەرەکی شوناسی نەتەوەیمانە.
لە کۆتایشدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەستخۆشی لەسەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین و ستافی ڕێکخەری کۆنفرانسەکە کرد.
زیاتر لە ١٠٠ توێژینەوە لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەش دەکرێن
دوابەدوای پێشکەشکردنی وتارەکان کارنامەی کۆنفرانسەکە دەستیپێکرد، واش بڕیارە لەو کۆنفرانسەدا، کە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە ڕێگەی چەند پانێڵێکەوە زیاتر لە (١١٠) توێژینەوە لە بوارەکانی زمان و ئەدەبی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لەلایەن زیاتر لە (١٤٠) توێژەری ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە پێشکەش دەکرێن.
لە یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسدا (٣٤) توێژینەوە خرانەڕوو
لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی کۆنفرانسدا ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی نیسان، بەپێی کارنامەی کۆنفرانس و لە دوو پانێڵدا (٣٤) تویژینەوە لە بوارەکانی زمان و ئەدەبی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لەلایەن توێژەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە پێشکەشکران .
ڕاگەیاندنی (وەزارەتی خوێندنی باڵا ، زانکۆی ڕاپەڕین)