University of Raparin Logo

زانکۆی راپەڕین، کۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی (کاریگەری زمان و ئەدەب لەسەر بنیادی ھزری و درێژەپێدانی زانستی) ئەنجامدەدات

چاپکردن ئیمەیڵ

راگەیاندنی زانکۆ

بڕیارە کاتژمێر (١١)ی پێشنیوەڕۆی رۆژانی (٢٤-٢٦ /٤/ ٢٠١٧)، بەچاودێری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی راپەڕین، سێیەمین کۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی (کاریگەری زمان و ئەدەب لەسەر بنیادی ھزری و درێژەپێدانی زانستی)، دەست بەکارەکانی بکات و، تیایدا (١٠٩) توێژینەوەی زانستی پێشکەشدەکرێن.
"ئاراز رەمەزان" وتەبێژی کۆنفڕانسەکە بە ماڵپەڕی زانکۆی راپەڕینی راگەیاند:  کۆنفڕانسەکە ھاوکاتە لەگەڵ رۆژی شەھیدی زانکۆ و ساڵیادی کارەساتی بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ، بۆیە زانکۆی راپەڕین وەک رێزگرتنێک بۆ شاری قەڵادزێ و خەڵکی تێکۆشەری دەڤەری راپەڕین بەپێویستیزانی ئەم کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییە کە بۆیەکەمجارە لەزانکۆی راپەڕین سازدەکرێت لەشاری قەڵادزێ بێت.

باسی لەوەشکرد لە کۆنفڕانسەکەدا توێژەرانی (٥) وڵاتی جیاواز لەھەریەک لەوڵاتانی (ئێران، میسر، مەغریب، سعودیە و جەزائیر) بەشداریان کردووە بەتوێژینەوە، ھەروەک بەشێوەیەکی گشتی لەکۆنفڕانسەکەدا (١٠٩) توێژینەوە قبوڵکراون، لەناویاندا (١٠) توێژینەوە لەبوارەکانی ئەدەب و زمان بە زمانی ئینگلیزی و (٥٥) توێژینەوەش بەزمانی عەرەبی کە (٣١) توێژینەوە لەبواری ئەدەب و (٢٤) توێژینەوەش لەبواری زمان، ھەروەھا (٤٤) توێژینەوەش بەزمانی کوردی کە (٢٤) توێژینەوە لەبواری ئەدەب و (٢٠) توێژینەوەش لەبواری زمان، پەسەند کراون و لە ھەرسێ رۆژی کۆنفڕانس پێشکەشدەکرێن لە (٥) ھۆڵی جیاواز لە کۆلێژی پەروەردەی قەڵادزێ لە زانکۆی راپەڕین.