University of Raparin Logo

پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیکردنى زمان و ئەدەبی کوردی چووە بواری جێبەجێکردنەوە

چاپکردن ئیمەیڵ

دوای ئەوەی لە دوایین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پڕۆژەی بە نێودەوڵەتیکردنی زمان و ئەدەبی کوردی پەسەندکرا، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە دەستیپێکرد.

لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتی (۲۰۱۷/۳/۱٥) بەسەرپەرشتی "د.ئامانج سەعید" ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە دیوانی وەزارەت کۆبونەوەیەک بەڕێوەچوو، لەو کۆبونەوەیەدا کە "د.جوان جەلال" بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان و، ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارەزایانی بوارەکانی زمان و ئەدەبی کوردی ئامادەیبون تاوتوێی لایەنەکانی پڕۆژەکە و چۆنیەتی جێبەجێکردنی کرا.

بۆ ئەوەش لەسەرەتادا دکتۆر "ئامانج سەعید" کورتەیەکی لەبارەی بیرۆکەى پڕۆژەکە خستەڕوو وتی: پڕۆژەی بەنێودەوڵەتیکردنى زمانى و ئەدەبى کوردى یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانى وەزارەتەکەمان، کە ماوەیەکى زۆرە لە وەزارەت کارى لەسەر دەکەین و لە دوایین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتدا پەسندکرا، ئاشکراشیکرد پڕۆژەکە تایبەتە بەدابینکردنى ژمارەیەک کورسی ساڵانەى خوێندن بۆ (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا و پۆست دکتۆرا) بۆ زمان و ئەدەب و سیاسەت و مێژوو کەلتورى کوردى بۆ خوێندکارانى بیانى، ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانیی وەزارەتەکەمانە بۆ دابینکردنى زەمالەى خوێندنى کوردى بۆ خەڵکى بیانى بۆ ئەوەى بتوانن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بخوێنن، هەربۆیە وەزارەتەکەمان سەرجەم تێچووی خوێندنى ئەو خوێندکارانە لە زانکۆکانی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ، هەروەک "د.ئامانج سەعید" جەختى لەسەر ئەوەشکردەوە هاتنى خوێندکار و ستافی نێودەوڵەتی بۆ خوێندنی زمان و ئەدەب و سۆسۆلۆژیای کوردی بۆ زانکۆکانی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە دەبێتە فاکتەرێکى گرنگ بۆ بەشداریپێکردنى خوێندکاران و توێژەرى بیانى لە پڕۆسەى گەشەپێدانى زیاترى توێژینەوە لە بوارەکانى (کەلتور و کەلەپور، زمان و ئەدەب، مێژو سیاسەت)ى کوردی، ئەوەش بۆ داهاتوی نەتەوەکەمان گرنگى خۆى هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو خوێندکارانەى کە دێنە کوردستان و لە زانکۆکانمان هەم لە ڕووى زانستییەوە بەشدارییان دەبێت، هەم لە داهاتوودا دەبنە نمایندەی نەتەوەکەمان لەو شوێن و وڵاتەى کە لێوەی هاتون، لەهەمان کاتدا ئەم پڕۆژەیە دەرفەتى توێژینەوە و کارى هاوبەش لە نێوان زانکۆکانى کوردستان و ناوەندە ئەکادیمییەکانى دەرەوەى وڵات دەڕەخسێنى بۆ ئەنجامدانى توێژینەوە و پڕۆژەى هاوبەش لە ڕێگەى ئاڵوگۆڕى خوێندکاران و مامۆستایان.

ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەشى ڕاگەیاند: تێکەڵبونی کەلتوری نەتەوەکان و ئاڵوگۆڕی زانستی و، ئەنجامدانی توێژینەوە بە گروپی ڕەنگاورەنگ وەک لە ئەزموونی دنیا دەرکەوتووە ئەنجامی باشی هەبووە، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت بگەین بەو ئامانجە و بتوانین لەو ڕێگەیەوە خزمەتێکی باشتر بە زمان و ئەدەبی کوردی بکەین و گەشەی زیاتری پێبدەین و دەنگمان بگاتە دنیا.

لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا ئامادەبوان بەگرنگیەوە لە پڕۆژەکەیان ڕوانی و بەخەمخۆریەکی گەورە بۆ خزمەتکردن بە زمان و ئەدەبی کوردی لە قەڵەمیاندا، هەروەک بە یەکەم هەنگاوى لەو جۆرە ئەژماریان کرد، کە تا ئێستا بۆ بەنێودەوڵەتی کردنی زمان و ئەدەبی کوردی نرابێت.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی ناوی پرۆژەکە و ژمارەی کورسییەکان بۆ خوێندنی (بەکالۆریۆس، ماستەر، دکتۆرا و پۆست دکتۆرا) کرا، هەروەک دەستنیشانکردنی میکانزم و ڕێکارەکانى چۆنیەتی گەیاندنی ئەو زەمالەیە بە خوێندکاران و ئارەزومەندان لە سەرانسەری دنیا قسەی لەبارەوە کراو کۆمەڵێک پێشنیاز گەڵاڵە کران.

لە کۆتایشدا کۆبونەوەکە، گەیشتە چەند بڕیارێکى گرنگ لەبارەى میکانزم و هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژەیە، لە هەمانکاتدا کۆبونەوەکە بڕیارى ئەوەشیدا پڕۆژەکە لە ساڵی خوێندنی (۲۰۱۷-۲۰۱۸) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی