ئەمڕۆ چوارشەممە (۲۰۱۷/٤/٥)، راپرسی لەناو خوێندكارانی هەموو كۆلێژو بەشەكانی زانكۆی راپەڕین ئەنجامدراو دەنگی (بەڵێ) بۆ هاوپۆشی (الزی الموحد) رێژەی زۆرینەی هێنا، هەروەك (٦٤.۷%)ی خوێندكاران بەشداری پڕۆسەی راپرسییەكەیان كرد.
بەپێی دەرەنجامی راپرسییەكە، كە لەلایەن لیژنەی ژماردن و جیاكردنەوەی دەنگەكانەوە دراوە بە راگەیاندنی زانكۆ، (۱٤۳٦) خوێندكار بە (بەڵێ) دەنگیانداوە، كە رێژەی (٥۱.۱۲%)ی دەنگدەران پێكدەهێنێت، هەروەها (۱۳۳٥) خوێندكاریش بە (نەخێر) دەنگیان بە پڕۆسەكەدا كە رێژەی لە (٤۷.٥۲%)ی دەنگدەران پێكدەهێنێت، و (۷) دەنگی سپی بە رێژەی (۰٫۰۰۲٥) پێكدەهێنێت و لە هەمان كاتدا (۳۱) دەنگی پوچەڵیش هەبووە، كە رێژەی (۱,۱%) پێكدەهێنێت.
هەربەپێی ئەنجامی لیژنەكە، روونكراوەتەوە كە لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت (۳٤٦) خوێندكار بە (بەڵێ) و (٤۳۸) خوێندكاریش بە (نەخێر)و (٤) دەنگ بە سپی و (۱٦) دەنگی پوچەڵكراوەش هەبوون، هەروەها لە كۆڵیژی پەروەردەی قەڵادزێ (٤۰٥) خوێندكار بە (بەڵێ) دەنگیانداوە و (۲۹۸) خوێندكاریش بە (نەخێر)و لەگەڵ (۳) دەنگی پوچەڵكراوەش بوونیان هەبوو، هاوكات لە كۆلێژی زانست (۳۷٤) خوێندكار بە (بەڵێ) دەنگیانداوەو (۲۸٥) خوێندكاریش بە (نەخێر)، هەروەك لە كۆلێژی زانستەمرۆڤایەتیەكانیش (۳۰۷) خوێندكار بە (بەڵێ) دەنگیانداوەو (۲٤٦) خوێندكاریش بە (نەخێر)، لەگەڵ (۹) دەنگی پوچەڵكراوەش، ئەوەش روونكراوەتەوە كە لە كۆلێژی پەرستاری (۱۰٥) خوێندكار بە (بەڵێ) و (٦۸) خوێندكاریش بە (نەخێر) دەنگیانداوەو تەنیا (۳) دەنگی سپی بوونیان هەبووە.
پڕۆسەكە لەژێر چاودێریی لیژنەیەكی سەرۆكایەتیی زانكۆو بە ئەندامێتیی نوێنەری كۆلێژەكان و نوێنەری خوێندكاران ئەنجامدراوەو لە پڕۆسەیەكی دیموكراسیو شەفافدا، دەنگەكاندا هەمان كات لەناو پۆلەكاندا جیاكراونەتەوەو خوێندكارانیش خۆیان چاودێری جیاكردنەوەی دەنگەكانیان كردووە.
یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران، بە بۆنەی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە بۆ جێبەجێكردنی سیستمی هاوپۆشی لەلایەن خوێندكارانی زانكۆی راپەڕینەوە، رایگەیاند، بە ناوی سەرۆكایەتیی زانكۆوە پیرۆزبایی لە خۆمانو سەرجەم خوێندكارو مامۆستاو فەرمانبەرانی زانكۆمان دەكەین، بە تایبەت سەرجەم لیژنەكانی باڵاو كۆلێژو لیژنەی ژماردنو جیاكردنەوەی دەنگەكانو هەردو نوێنەرایەتیی خوێندكارانو مامۆستایان، كە هەوڵی زۆریان بۆ سەرخستنی پرۆسەكەو سەركەوتنی هەڵمەتی (بەڵێ بۆ هاوپۆشی) دا.
پ.ی.د. هێرش رەسوڵ، وتیشی "بەلای ئێمەوە وەك سەرۆكایەتیی زانكۆ، بوێریی دەستبردن بو بۆ بابەتێكی هەستییاری لەمشێوەیە، كە خۆشبەختانە وەك پێشبینیمان دەكرد، ئەنجامەكە دەریخست زۆرینەی خوێندكاران لەگەڵ جێبەجێكردنی سیستمی (هاوپۆشی)دان".
فۆتۆ، ئاکام عزیز