زانكۆی راپەڕین، پێشەنگی چالاكییە زانستیی و كەلتورییەكان بووەو دەبێت
زانكۆی راپەڕین، لەگەڵ ئەوەی تەمەنی دامەزراندنی مێژوویەكی كورتەو بەیەكێك لەگەنجترین زانكۆكانی كوردستان دادەنرێت، بەڵام بەبەراورد بەتەمەنی زانكۆكە توانیویەتی هەم لەسەر ئاستی لۆكاڵی و هەمیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناوونابانگی گرنگ بۆ زانكۆكەو دەڤەری راپەڕین، بەدەستبهێنێت و راپۆرت و زانیاریی میدیاكان بەڵگەی زیندوویی كارە زانستیی و كەلتوریی و فەرهەنگییەكانی زانكۆی راپەڕینن.
هەمیشە، لەپاڵ كاری زانستیی و خوێندندا، وەكو ناوەندێكی مەعریفی گرنگ و كاریگەر لەسنوری ئیدارەی راپەڕین و تەنانەت لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق كاری زانستیی و رۆشنبیریی گشتی كردووەو بابەتەكانی پەیوەست بەرۆشنگەریی خەمێكی گەورەی زانكۆی راپەڕین بووة و بةردةوام كۆڕو سیمینارو وۆركشۆپ و سیمپۆزیۆم و كۆڕبەندی لەسەر ژیانی زانستیی و كۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و ژێرخانی مێژوویی و شوێنەواریی و سەرجەم لایەنەكانی كۆمەڵی كوردەواریی و سنوری راپەڕین ئەنجامداوەو ئەنجامیدەدات.
لەمیانی خەمی رۆشنگەری، كە لەدنیادا زانكۆكان پێشەنگی فیكرو فەلسەفەی رۆشنگەرن و گرنگی زۆر بەكەلتورو فەرهەنگی نەتەوەیی و لەپاڵیشیدا بەجیهانگیریی و فرەكەلتوریی و كەلتورو رۆشنبیریی و فیكریی نوێ و هاوچەرخ دەدات، لەو سۆنگەیەوە زانكۆی راپەڕین بەشاهیدی هەموو لایەك بەیەكێك لەچالاكترین زانكۆكان هەژماركراوەو بەهاوسەنگیی و بابەتیبوون كەشی گفتوگۆی رێكخستووە.
بةلاَم بةداخةوة،یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لقی راپەڕین رۆژی (3 . 11 .2018) بەنوسراوی ژمارە (185) سەبارەت بەئەنجامدانی پانێلێك دەربارەی (سێكیولاریزم و ئیسلام و رەنگدانەوەی لەكایەكانی كەلتورو هونەرو سیاسەت لەكۆمەڵی كوردیدا) لەرۆژی (30 . 10 . 2018) لەزانكۆی راپەڕین، سەرەڕای تێبینی زۆرمان لەسەر لایەنی زمانەوانی نوسینی روونكردنەوەكەیان كە پڕیەتی لەتەشهیركردن و وشەی نەگونجاو و نەشیاو لەبەرامبەر دامەزراوەیەكی زانستی وەكو زانكۆدا، لەهەمان كاتدا بەبێ بوونی زانیاریی وردو پەلەكردن لەروونكردنەوەكە زانیاری نادروستی تێدا روونكراوەتەوە، هەربەوەشەوە نەوەستاون و رۆژی (7 . 11 . 2018) لەرێگەی لیژنەی فەتوای رانیەو قەڵادزێ بەیاننامەیەكی تریان لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و راگەیاندنی ئەوقافی راپەڕین بڵاوكردۆتەوە بەناوی نیگەرانی، جگەلەوەی لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لەمینبەری چەندین مزگەوت و لەلایەن چەندین مامۆستای ئاینییەوە تەشهیرو سوكایەتی بەزانكۆی راپەڕین كراوە، لەهەردوو بەیاننامەكەدا بەناوی رایگشتییەوە قسەكراوەو تەنانەت هەڕەشەی جۆراوجۆری تێدا خراوەتەڕوو كە بەمەترسیی بۆ سەر رای ئازادو ئازادی رادەربڕین و دادوەریی بەشێوەیەكی گشتیی لەكوردستان دادەنرێت، لەكاتێكدا زانكۆ وەكو ناوەندێكی مەعریفی بەهاوسەنگی و بابەتیبوون كەشی گفتوگۆكان رێكدەخات و دەبوایە مامۆستایانی ئایینیی و یەكێتیی زانایان لەهەموو كەس زیاتر هاوكاری زانكۆیان كردبا لەرێكخستنی ئەو بابەتە زیندووانەی پەیوەستن بەژیان و فیكری گشتییەوە، بەكورتی لەم چەند خاڵەدا بۆ بەرچاو روونی رایگشتی وەڵامی پێویست دەخەینەڕوو:
1. زانكۆ ناوەندێكە بۆئەوەی سەرجەم بیروباوەڕە جیاوازەكان لەرووی فیكریی و زانستییەوە بخاتە بەرباس و تاوتوێكردن بەشێوەی هاوسەنگ و بەلەبەرچاوگرتنی لایەنی بابەتیبوون، وە زانكۆ لەم گفتوگۆو بیروڕایانە خۆی بەبێ لایەن دەزانێت تەنها كەشی گفتوگۆ دەڕەخسێنێت.
2. لەو پانێلەی ئاماژەتان پێداوە، هیواخوازبووین خۆتان بەشداربوان كە زانكۆ هەمیشە بانگهێشتنامەی كراوە بۆ زۆربەی چالاكییەكانی ناو زانكۆ بڵاودەكاتەوە، وە دواتر قسەتان لەسەر بكردایە، نەك لەسەر زاری خەڵكی ترو لەسەر كۆمێنت و پۆستی فەیسبووك هەڵوێست وەربگرن.
3. لەپانێلەكەدا گفتوگۆیەكی هێمنانەو لۆجیكیانە كراوە لەسەر بابەتی (سێكیولاریزم و ئیسلام و پەیوەندییان بەكایەكانی كەلتورو هونەرو سیاسەت لەكۆمەڵی كوردیدا)، لەمیانی گفتوگۆكاندا یەكێك لەئامادەبووانی كۆڕەكە ڕای تایبەتی خۆی دەربڕیوە كە رەنگە بەدڵی هەندێك لەبەشداربووان نەبوبێت، و زانكۆش لەهەموو چالاكییەكاندا روونكردنەوەی داوەو لەپرسیارو كۆمێنت و قسەی ئامادەبووانی هیچ كۆڕو سیمینارو چالاكییەك بەرپرسیار نییە، هەروەكچۆن هیچ دەزگاو دامەزراوەیەك ناتوانێت بزانێت كە خەڵكی ئامادەبوو لەكۆمێنت و ئاخاوتنەكانیان چی دەڵێن و هەر كەس ئازادە بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو، وە دەبێت ئێوەی مامۆستایانی ئاینیی لەهەموو كەس زیاتر دەرخەری ئەم ڕاستیە بن، نەك بەپێچەوانەوەو لەڕێگەی دروستكردنی دەنگی ناڕازی رێگە لەبیروبۆچونی جیاواز بگرن.
4. سەرجەم بەشداربووان هەلیان بۆ رەخسێنراوە، تا بیروبۆچوونی خۆیان لەچوارچێوەیەكی ئەقڵانی زانستیدا بخەنەڕوو، وە یەكێك لەو كەسانەی كە سەرچاوەی دروستكردنی ئەم دۆخەية، زیاتر لەهەر كەسێكی تر بەشداربووەو زۆرترین دەرفەتی قسەكردنی پێدراوە دەبوایە لەوێ بەرگری لەبیرو بۆچوونەكانی بكات.
لەكۆتاییدا پێویستە بگوترێ، كە هیچ کات زانایانی ئاینی کورد نەبونەتە لەمپەر لەبەردەم عەقڵی ئازادو مەعریفەو میتۆدی مۆدێرندا. زانایانی ئایینی کورد هەوێن و هێزی زانکۆکان بوون و سەرچاوەو سحریی پێکەوە ژیان و لێبوردەیی بوون. مێژوو گەواهیدەری ئەو ڕاستییەیە کە زانایانی ئایینی خەمی نەتەوەو خاک و ئایندەیان لەهەگبەو هیوادا بووە. ناکرێ گوتاری لێک تێنەگەیشتن و فەتوای بارگاوی بەعەقڵی ئایدیۆلۆژی و حزبی تێکەڵ بە ئایین بکرێ. وەک دەزانین دنیای وڵاتانی ئیسلامی گیرۆدەی گەمەی فەتواو فەوزای ئایدیۆلۆژیای سیاسین و ئەم نەریتەیان خزاندووەتە ناو ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە، بۆیە تارمایی تیرۆرو توندوتیژیی و نەمانی گیانی پێکەوە ژیان و وێنای وێرانەیی ناوچەکەی گرتووەتەوەو لەدەرهاویشتەی ئەو ئەدەبیات و ئەجێندا ترسناکەی تاودانی ئاییندا بۆ مەهام و مەرامی سیاسیی، لەکەشی هزری ناوچەکەدا نمونەی وەک داعش و قاعیدەو بەرەی نەسرەو هتد سەوز دەبن.
بەڵێ ئەرکی زانکۆیە کۆمەڵی کوردی بەپەروەردەو پەیام و پێناوی ڕۆشنگەری و بەڕێبازی عەقڵ و مەعریفەی مۆدێرن هۆشیارکاتەوەو چیدی لاوەکانمان لەنەریت و نواڕین و نیازی چەقبەستوویی بێنەدەرو نەبنە بەشێک لەو کەلتورو کیانەی کە تاریک پەرستان پەیپێدەبەن.
سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین
10 . 11 . 2018