University of Raparin Logo

مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویست لە زانکۆکانی کوردستان

خوێندکارانی ئازیز
کەسوکاری بەڕێزی خوێندکاران

وەک ئاگادارن لەسەرەتای خوێندنی ئەمساڵەوە سەرباری بارودۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان و قەیرانی نەخوازراوی دارایی، بە هەوڵ و ماندوبوون و خۆڕاگری مامۆستایان و فەرمانبەران توانرا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدرێت و لە هیچ زانکۆیەکی کوردستاندا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن نەکرێت هەر بۆیە جێگەی خۆیەتی کە سوپاسی تایبەتی یەکە یەکەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکان بکەین بۆ لەخۆبردوویی و دڵسۆزیان لە پێناو سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی زانکۆکانی کوردستان پشتیوانی بەردەوام لە باشکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکان دەکەن، هەر بۆیە لە دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاتدا لە ڕێکەوتی (٢٠١٨/٣/٢٧) لەبەر ڕۆشنایی پێشنیازو سەرنج و تێبینی زانکۆکان توانرا پرۆژەیەکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادەبکرێت و دواتر لە ڕێگای بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆبوونەوەی (٢٠١٨/٣/٢٨) پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت، بە خۆشحاڵییەوە بەشێکی زۆری ئەم پرۆژەیە لە چوارچێوەی پرۆژەی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا جێی کرایەوە.
پێشتریش لە کۆبوونەوەی (٢٠١٦/٢/٢٢) دا ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پرۆژەیەکی دیکەی پێشکەش بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردبو بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی کوردستان.
دوایین بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم پرسە بڕیارێکی گرنگەو بەشێکی بەرچاوی بارگرانییەکانی سەرشانی مامۆستایان و فەرمانبەران چارەسەر دەکات.
هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە بەردەوام دەبین لەهەوڵەکانمان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانمان و هاوکات خەرجکردنی شایستە داراییەکانی دیکەی مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەر سندوقی داهاتی زانکۆکان بەردەوام دەبێت.
هەربۆیە داواکارین هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆئەوەی پرۆسەی خوێندن لەسەرجەم زانکۆکانی کوردستان بەردەوام بێت و دەرگای هۆڵەکانی خوێندن بەڕووی گەنجان و ڕۆڵەکانی وڵاتەکەمان ئاوەڵا بێت، رێگەنەدەین هیچ گرفتێک ببێتە لەمپەر لەبەردەم بەردوامبوونی پرۆسەی خوێندن لەو ماوە کەمەی کە لەپێشمانە بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئەمساڵ. هەروەها زۆر گرنگە کە نەهێڵین پرۆسەی خوێندن لەزانکۆکانمان ببێتە قوربانی ئەجێندای سیاسیی و دەبێت کار بکەین کە سیاسەت و بانگەشەی هەڵژاردن لەپرۆسەی خوێندن دوور بخەینەوە.
کەس و کاری خۆشەویستی خوێندکاران:
ئێوەش لە شوێنی خۆتانەوە ڕۆڵ و کاریگەریتان هەیە کە هاوکارمان بن و پشتیوانی لە بەردەوامی پرۆسەی خوێندن بکەن بۆ ئەوەی ڕۆڵەکانتان لە مەترسی لەدەستدانی ساڵێکی خوێندن بپارێزن.

بەهێوای بەردەوام بوون و سەرکەوتنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان

زانکۆکانی
کۆیە
چەرمۆ
گەرمیان
ڕاپەڕین
سلێمانی
ھەڵەبجە
پۆلیتەکنیکی سلێمانی
دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی