پەیامی سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین لەساڵیادی راپەڕین و كارەساتی ٢٤ - ٤ی شاری قەڵادزێ

چاپکردن

دەڤەری پشدەر لەمێژوی خۆیدا هەڵگری شوناسی لانكی شوڕش و جوڵانەوە نەتەوەییەكانی باشوری كوردستان بوە، لەدوایئەوەی زانكۆی سلێمانی گوازرایەوە بۆ شاری قەڵادزێ و شارەكەو خەڵكی دەڤەرەكە بەروحێكی شۆڕشگێڕانەوە زانكۆكەیان لەئامێز گرت، بەداخەوە رژێمی بەعسی فاشیست لەرۆژی (٢٤ ی نیسانی ١٩٧٤)، بەفڕۆكەی جەنگی و چەكی ناپاڵمی قەدەغەكراو شاری قەڵادزێی بۆردومانكردو لەئەنجامدا چەندین مرۆڤی مەدەنی و خوێندكارو مامۆستای زانكۆی سلێمانی لەقەڵادزێ بریندارو شەهیدكرد.

 

سەرەڕای ئەوەی بۆردومانەكانی رژێمی بەعس بوە هۆی خاپوركردنی بەشێكی زۆری شارەكەو لەدوای ساڵێكیش لەشەهیدكردنی زانكۆی سلێمانی و شاری قەڵادزێ، و لەرێوڕەسمی ساڵیادی ئەو تاوانەی دژ بەشارەكە كرا، خەڵكی مەدەنی ئەم شارە سەربەرزە خۆپیشاندانی جەماوەریان رێكخست، لەرۆژی (٢٤ – ٤ -١٩٨٢)دا بەڵام بەداخەوە جارێكیتر رژێمی فاشیستی بەعس كەوتە وێزەی رۆڵەكانی ئەم شارەو دووبارە قەڵادزێ شەهید كردەوە.
خۆپیشاندانەكان و بۆردومانكردنی شاری قەڵادزێ و شەهیدكردنی زانكۆی سلێمانی، لە یادەوەری خەڵكی كوردستاندا بەپیرۆزی ماوەتەوە، هەربۆیە ساڵانە بەشكۆمەندانە ساڵیادی ئەو راپەڕین و كارەساتانە بەپیرۆز رادەگیرێت، و لەو نێوەندەشدا زانكۆی راپەڕین ساڵانە چەندین زچالاكی زانستی و جۆراوجۆر رێكدەخات و لەماوەی ساڵانی رابردودا چەند كۆنفڕانسێكی نێودەوڵەتی لەو یادەدا ئەنجامداوە.
لەمساڵدا لەبارودۆخێكدا یادی راپەڕین و خۆپیشاندانەكان و بۆردومانكردن و شەهیدكردنی زانكۆی سلێمانی لەقەڵادزێ دەكەینەوە، كە هاوكات وەكو وڵاتانی دیكەی جیهان رووبەڕوی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەستاوینەتەوەو بەئامانجی خۆپارێزی و پابەندبوونمان بەڕێنماییە تەندروستییەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێزگرتن لەهەوڵ و ماندوبون و شەونخونی هێزەكانی ناوخۆ لەپاراستنی كوردستان و هاونیشتمانیان، ناچارین، چالاكی ساڵیادی بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان نەكەینەوە، هاوكات زانكۆی راپەڕینیش لەمساڵدا بەهۆی ڤایرۆسی نەگریسی كۆرۆناوەو لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی نەیتوانی چالاكیەكانی ئەم یادە رێكبخات هاوشێوەی ساڵانی رابردو.
بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕینەوە، سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان و شەهیدانی راپەڕین و خۆپیشاندانەكان و شەهیدانی زانكۆی سلێمانی لەشاری قەڵادزێ دادەنەوێنین و هیواخوازین حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕی جدی ئاوەدانیی لەم دەڤەرە بداتەوە كە پڕ بە باڵای خەبات و تێكۆشان و شەهیدانی ئەم دەڤەرە بێت.
 
سەرۆكی زانكۆی راپەڕین