پەیامی سەرۆكایەتی زانکۆی راپەڕین، بەبۆنەی (30)مین ساڵیادی راپەڕین-ەوە

چاپکردن

رۆژی هەینی (٥ی ئاداری 2021)، نەتەوەی کورد (30)مین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی (٥ی ئاداری ١٩٩١) دەکاتەوە، کە لەشاری رانیەوە بڵێسەی سەندو بوە هۆی رزگاركردنی سەرجەم شارۆو شارۆچكەو گوندەكانی كوردستانی باشور. هەروەكچۆن راپەڕینەكە وەرچەرخانێکی گەورە بو لەمێژوی ھاوچەرخی سیاسیی كورد لەعێراقداو سەرەتای حوکمی خۆجێی و دامەزراندنی دامەزراوە سیاسیی و یاساییەکان بوو لەکوردستان.

سەركەوتنی راپەڕینی كوردان لەبەهاری (1991)دا بەئاسانی نەهاتۆتە دی، بەڵكو بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدی رێگای رزگاری كوردستانە، هەروەكچۆنە دەرئەنجامەكانی راپەڕینیش كە بوە هۆی دروستكردنی حكومەت و پەرلەمانی خۆجێی بەئێستاشی لەگەڵ بێت، قبوڵکراو نیە لەلایەن دوژمنانی مێژویی كورد. بۆیە بەردەوام ئەم ئەزمونەی كورد لەعێراقدا، دژبەری هەبوە، وەكو چۆن ڕێکخراوێکی تیرۆرستی وەک داعش لەساڵی (2014)دا پەلاماری كوردستانیداو هەزاران پێشمەرگەی ئازای كوردی شەهید كردن، و هەڕەشە بەردەوامەكانی ناوخۆو دەوڵەتانی دراوسێ نمونەی دیاری ئەم هەڕەشانەن كە بەبەردەوامی دژی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دوبارە دەبنەوە، بەڵام خۆڕاگری گەلی کورد لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەو پاراستنی ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتیانی مەدەنی و بەشداری خۆڕاگرانەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی موسڵ و ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی تێرۆریستان، بووە مایەی ئەوەی جیھان بەڕێزەوە تێڕوانینیان بۆ کورد ھەبێت.
راپەڕینی (٥ی ئاداری ١٩٩١) بوە ھۆی بەدیھێنانی چەندین دەستکەوتی مێژویی، لەوانە: زانکۆی راپەڕین وەک دامەزراوەیەکی زانستی کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لەساڵی (٢٠١٠) دامەزرێنرا، بەرھەمی خوێنی شەھیدانی راپەڕین و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستانە بۆ دەڤەری ڕاپەڕین، زانکۆکە لەتەمەنی کەمی خۆیداو سەرەڕای بوونی قەیرانە یەک لەدوای یەکە دارایی و ئەمنی و سیاسییەکان، توانیویەتی چەندین ھەنگاوی گرنگ بنێت، و ژێرخانێکی گرنگی مەعریفی و ئەکادیمی بۆ کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش بۆ ئەم سنورە بنیات بنێت.
بەناوی سەرۆكایەتی زانکۆی راپەڕینەوە، بۆ بۆنەی (30)مین ساڵوەگەڕی راپەڕینەوە، پیرۆزبایی لەسەرجەم گەلی کورد لەھەر شوێنێکی دنیاو بەتایبەت لەھاوڵاتیانی دەڤەری راپەڕین و خوێندکاران و مامۆستیان و فەرمانبەرانمان دەکەین. لەم بۆنە نەتەوەیی و مێژوویەدا، یادی شەھیدە نەمرەکانمان بەرزرادەگرین و سەری رێز بۆ سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان و شەھیدانی راپەڕینی (٥ی ئاداری ١٩٩١) دادەنەوێنین کە بەخوێنی گەشیان کوردستانیان لەدەستی یەکێک لەدڕەندەترین رژێمەکانی مێژووی مرۆڤایەتی رزگارکردو گواستنەوەیەکی گەورەی مێژوویان بۆ کوردستان بنیادنا.

سەرۆكایەتی زانکۆی راپەڕین