زانكۆی راپەڕین بەخوێندنی ئاوێتە دەست بەساڵی نوێی خوێندن دەكات

چاپکردن

ئەمڕۆ سێشەممە (29 – 9 – 2020)، ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین، (20)هەمین كۆبونەوەی خۆی ئەنجامداو لەچەند تەوەرێكدا، چەند بڕیارێكی گرنگی پەیوەست بەدەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن و موچەو شایستە داراییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران، و گوندی زانكۆ و زەوی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان تاوتوێكرد.

تەوەری یەكەم:
لەتەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجومەنی زانكۆ سەبارەت بەموچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ، جەختی كردەوە كە دواخستن و لێبڕینی موچەو دواخستنی شایستە داراییەكانی تر گرفتی گەورە بۆ پڕۆسەی خوێندن دروست دەكات، بۆیە بڕیاردرا نوسراو بكرێت و داوا بكرێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپەرۆشتر لەدۆخی مامۆستایان و فەرمانبەران بڕوانێت و هەرچی زووە كێشەی مووچەو شایستە داراییەكان بەیەكجاری چارەسەر بكرێت.
تەوەری دووەم:
لەتەوەری دووەمی كۆبونەوەكەدا سەبارەت بەگوندی زانكۆو دابینكردنی زەوی بۆ مامۆستایان، ئەنجومەن هاوڕابون كە زۆرینەی مامۆستایان سودمەندنەبون لەهیچ پڕۆژەیەكی حكومەت بۆیە ئەنجومەن دوبارەو لەرێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات تا هاوكاربن تا مامۆستایانی زانكۆمان هاوشێوەی زۆرینەی زانكۆكانی تر بەشێوەیەك سودمەندبن.
تەوەری سێیەم:
هەروەكچۆن، لەتەوەری سێیەمی كۆبونەوەكەدا، سەبارەت بە دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن ئەنجومەنی زانكۆ ئەم بڕیارانەیدا:
1. كۆلێژەكان خوێندنی ئاوێتە پەیڕەو دەكەن، نابێت لەهیچ كاتێكدا لەنیوەی زیاتری خوێندكاران لەكۆلێژدابن.
2. وانە پراكتیكیەكان لەناو كەمپەسدا دەخوێندرێن.
3. تاقیكردنەوەكان لەناو كەمپەسدا ئەنجام دەدرێن.
4. لیژنەی زانستی بەشەكان و ئەنجومەنی كۆلێژ بڕیاردەدەن، كە چ وانەیەك بەئەلیكترۆنی یان لەناو كەمپەسدا دەخوێندرێت.
5. سەرۆك و بڕیادەری بەشە زانستیەكان، چاودێری كوالێتی پڕۆسەی خوێندنی ئۆنلاین دەكەن، و سەرنج و تێبینی زانستی بەمامۆستاكان دەدەن بۆئەوەی وانەكان لەرووی كوالێتیەوە لەئاستێكی باشدابن.
6. مامۆستایان و خوێندكاران، دەبێت پابەندبن بەڕێنماییە تەندروستییەكان بەبەستنی ماسك و دووری كۆمەڵایەتی و سەرجەم رێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەكان.