خوێندكاران و مامۆستايانی خۆشەويست
وێڕاى سڵاوو ڕێز...
هيواى ڕەمەزانێكى پڕ لەخێرو خۆشى بۆ هەموو لايەك دەخوازين، پاڵپشت بە ڕێنماييەكانى ئەنجومەنى وەزارەت ڕايدەگەيەنين كە ئەمڕۆ (2/5/2020) پرۆسەى خوێندنى ئەلیكترۆنى دەستیپێكرد، هەربۆیە بە پێويستى دەزانين ئەم چەند خاڵەى خوارەوە بخەينە بەر ديدى ئێوەى خۆشەويست:
يەكەم: بۆچى بڕيارى خوێندنى ئەلیكترۆنى درا: هەروەك لای هەمووان ڕونە دوای راگرتنی پڕۆسەى خوێندنی ناوكەمپەس، چەندين بژاردەى تر خرانە بەرباس بۆ دەستپێكردنەوەى دەوام و نەفەوتانی ساڵێك لەڕەنج و خوێندنی ئێوەى خۆشەويست، دوا بژاردە، كە بژاردەيەكی ناچارييە بژاردەى خوێندنى ئەلیكترۆنى و ئۆنلاينە، كە ئەنجومەنی زانكۆو ئەنجومەنی وەزارەتيش وێڕای لەبەرچاوگرتنى سەرجەم گرفتەكانى ئەم جۆرە لە خوێندن هەر لە نەبونى هێڵى ئينتەرنێت لە شوێنە دوورە دەستەكان و نەبونى ئامێرە زيرەكەكان لاى بەشێك لە خوێندكاران، بەڵام بەهەدەر نەچونی ساڵێكى خوێندن ناچارى كردين بڕيارى خوێندنى ئەلیكترۆنى و ئۆنلاين بدەين لە ڕۆژى (2/5/2020)ەوە بۆ هەردوو خوێندنى بەيانيان و ئێواران.
دووەم: خوێنی ئەلیكترۆنی لەسەردەمى كۆرۆنادا لە زۆر وڵات پشتى پێبەستراوە: ئەم جۆرە لە خوێندن لە زۆربەى ئەو وڵاتانەى كە خوێندنى ناو كەمپەس تياياندا ڕاگيراوە پەنايان بۆ ئەم جۆری خوێندنە بردووە، كوردستانيش وەكو سەرجەم ئەو شوێنانە بڕيارى خوێندنی ئەلەكترۆنيدا، چونكە وەزارەت و زانكۆكانيش بەرچاويان ڕون نيە كە ئايا كەى دەتوانن دەست بە خوێندنى ناو كەمپەس بكەنەوە.
سێهەم: لايەنە باشەكانى خوێندنى ئەلیكترۆنى:ئەم شێوازەى خوێندنە وێڕاى چەند لايەنێكى نێگەتيف بەڵام لە هەمان كاتدا دەكرێت وەكو دەرفەتێكيش وەربگيرێت و ئەم لایەنە ئەرێنیانەی هەن:
1- هەمومان زياتر خۆمان ئاشنا بكەين بە بەكارهێنانى ئامرازە ئەلیكترۆنيەكان لە پرۆسەى فێركردن و بەڕێوەبردندا.
2- خوێندكاران دەتوانن زياتر لە جارێك سەيرى وانەكان بكەن كە ئەمە دەرفەتى زياتريان بۆ دەڕەخسێنێت.
3- بەهۆى پێويست نەبونى ئامادەبون لە ناو كەمپەس، خوێندكار خەرجى هاتوچۆ و مانەوەو خەرجيەكانى ترى لە ئەستۆ نامێنێت.
چوارەم: ئامادەبونى خوێندكار لە وانەكاندا: مامۆستايان و بەشە زانستيەكان پەنا دەبەنە بەر هاندان بۆ بەشداريكردنى خوێندكاران، زياتر هەوڵدەدەن كە باشيەكانى ئامادەبون و گفتوگۆيان بۆ بخەنەڕوو تا بتوانن زياتر فێرببن و لە تاقيكردنەوەكانيشدا بتوانن ئەنجامى باشتر بەدەستبهێنن، واتا مامۆستا تەنها پەيوەستە بەوەى خوێندكاران هانبدات بۆ بەشداریكردن و دانانى وانەكان بەپێى خشتەيەكى دياريكراو.
پێنجەم: شێوازى وانەكان: بەشێك لە وانەكان ڕاستەوخۆدەبن و تۆماريش دەكرێن و ئەو وانانەى بەشێوەى سەرهێڵيش دەوترێنەوە، دواتر مامۆستاكان لەسەر ئەو پلاتفۆرمەى بۆ خوێندن بەردەستكراوە دايدەنێن و خوێندكار لە هەر كاتێك بيەوێت دەتوانێت بينەرى وانەكە ببێت.
شەشەم: وانە پراكتيكيەكان: وانە پراكتيكيەكان لەلايەن ئەنجومەنى كۆلێج و بەشە زانستيەكانەوە بڕيارى لێدەدرێت.
حەوتەم: قورسايی خوێندنى ئەلیكترۆنى: بەپێى بڕيارى ئەنجومەنى وەزارەت ئەم خوێندنە تەواوكەرى پرۆسەى خوێندنى ناو هۆڵەكانە بۆيە دەبێت خوێندكار بەهەندى وەربگرێت و كۆشش بكات بۆ فێربون و تێگەيشتن.
هەشتەم: پرۆسەى ئەنجامدانى تاقيكردنەوە: لەئێستادا هيچ بڕيارێك سەبارەت بە پرۆسەى تاقيكردنەوەكان نەدراوەو چاوەڕوان دەكەين ئەگەر لە كاتێكى گونجاودا توانيمان بگەڕێینەوە ناو كەمپەس ئەوا لە هۆڵەكاندا تاقيكردنەوەكان ئەنجامدەدرێن.
نۆيەم: ماف و شايستەكانى مامۆستايان: سەركەوتنى هەر پرۆسەيەكى كارگێڕى و زانستى لە زانكۆكاندا تا ڕاددەيەكى زۆر پەيوەستە بە فەراهەمكردنى ژيانێكى ئاسودە بۆ مامۆستايان و فەرمانبەران، بۆيە داواكارين حكومەتى هەرێمى كوردستان هەموو تواناكانى خۆى بخاتەگەڕ بۆ دابينكردنى شايستە داراييەكانى مامۆستايان و فەرمانبەران، و جگە لەموچەى مانگانە كاربكرێت بۆ گێڕانەوەى پلە بەرزكردنەوەى مامۆستايان و فەرمانبەران، چونكە وەكو لاى هەموان ڕونە تا ئێستاو لە كاتى قەيرانى دارايى شەڕى داعشدا موچەيەكى زۆرمان لاى حكومەت پاشەكەوت كراوەو جارێكى تر گيرفانى مامۆستايان بەرگەى دۆخێكى ترى ئاوا ناگرێت.
سەرۆكايەتى زانكۆى ڕاپەڕين