ئامادەکردنی: د. محمد حمە عەلی ڕشید- ڕاگری کۆلێژی زانست
ڕۆژی دووشەممە ١٠-٢-٢٠٢٠ ئاژانسی بۆشاییناسی ئەوروپی ناسراو بە ئیسا (European Space Agency) بە بەشداری کارای ئاژانسی بۆشاییناسی ئەمریکی ناسراو بە ناسا (National Aeronautics and Space Agency) خولگە-گەڕۆکێکی (Solar-Orbiter) بە هۆی ڕۆکێتی ئەتلەس بەرەو خۆر هەڵدا. ئەرکی سەرەکی ئەم خولگە-گەڕۆکە بریتیە لە:
1- دیراسەکردنی ڕووی خۆر و چۆنیەتی دروستبوون و لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەری دوولایەنە لە نێوان خۆر و ئەو چینەی (Heliosphere) کە دەورەی داوە.
2- زانینی چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی وزەی خۆر بۆ بۆشایی نێوان هەسارەکان
3- دیاریکردنی پاڵنەری بای خۆر (ٍSolar Wind) کە بریتیە لە لێشاوێک لە تەنۆلکە و پلازما کاتێک خولگەی ئەتمۆسفیری خۆر ناسراوبە کۆڕۆنا (Corona) بەجێدێڵێت
4- بەخشینی زانیاری لەسەر دۆخی دۆزەرەوەی ئەمریکی ناسراو بە ( Parker Solar Probe) کە پێشتر لە لایەن ناساوە بۆ ئەرکی کۆکردنەوەی داتا لەسەر خۆر هەڵدراوە بەڵام بە هۆی زۆر نزیکی لە خۆر، نەتوانراوە کامێرای وێنەگرتن لەخۆبگرێت
ئەم خولگە-گەڕۆکە لە دوای دوو ساڵ لە هەڵدانی دەگاتە خولگەیەک کە بە دووری ٠،٢٨ یەکەی فەلەکی (٤٢ ملیۆن کیلۆمەتر) لە خۆر دوور دەبێت واتە بە دووری ٠.٧٢ یەکەی فەلەکی (١٠٨ ملیۆن کیلۆمەتر) لە زەوی دوور دەکەوێتەوە. جێگیر کردنی ئەو کەشتیە لەو خولگەیە بە سوود وەرگرتن لە هێزی کێشکردنی هەسارەی ڤینۆش ئەنجام دەدرێت.
ئەمە یەکەمین جارە کەشتیەکی هەڵگری ئامێر و کامێرای پێشکەوتوو بەو ڕادەیە لە خۆر نزیک دەبێتەوە کە زاناکان پێشبینی دەکەن زانیاری گرنگ و بەسوود لەسەر بای خۆر و تەنۆلکە وزەدارەکان لە کاتی بڵاوبوونەوەیان لە ڕووی خۆرەوە بەرەو بۆشایی نێوانی خۆروهەسارەکان.
قۆناغی لێکۆڵینەوەی زانستی ئەم خولگە-گەڕۆکە لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ دەستپێدەکات و نزیکەی چوار ساڵ دەخایەنێت. زاناکان ئومێد دەکەن بە درێژکردنەوەی ئەرکی ئەم کەشتیە کە بە قۆناغی دووەمی ئەرکەکەی دادەنرێت کە بۆ یەکەم جاربە شێوەی ڕاستەوخۆ دەتوانرێت وێنەی پۆڵەکانی خۆر بگیرێت.
زۆربەی ئامێرەکان بە وزەی خۆر کار دەکەن لە ڕێگای پانێڵەکان وە هەموویان بە چینێکی دروستکراو لە مادەی تایتانیۆم دەورەدراوە کە توانای بەرگەگرتنی نزیکەی ٥٠٠ پلەی گەرمی سەدی هەیە بە جۆرێک گەرمی ئامێرەکان کەمدەکرێتەوە بۆ ٥٠ پلەی گەرمی سەدی.
زانیاری لەسەر خولگە-گەڕۆکەکە
1- بارستایی: ١٨٠٠ کگم
2- بارستای کەرەستە زانستیەکان: ٢٠٩ کگم
3- دووریەکان: (٢،٥× ٣،١ ×٢،٧) مەترسێجا
4- ژمارە و درێژی پانێڵی وزەی خۆر: ٦ دانە هەریەکە بە ڕووبەری (١،٢ × ٢،١ ) مەتر دووجا
5- توانای ئامێرە زانستیەکان: ١٨٠ وات
6- درێژی قۆڵی درێژکراوە: ٤،٤ مەتر
7- ژمارە و درێژی ئەنتێنای شەپۆلی ڕادیۆیی و پلازما: ٣ دانە بە دووری ٦،٥ مەتر بۆ هەر یەکێکیان
ئامێرە زانستیەکانی بەکارهاتوو لە ناو ئەم کەشتیە بریتین لە:
1- وێنەگری جۆری:SoloHI بۆ وێنەگرتنی چینی (Heliosphere)
2- وێنەگری شەبەنگی جۆری: SPICE (Spectral Imaging of the Corona Environment)
3- X-Ray Spectrometer/Telescope :STIX
4- :SWA (ٍSolar Wind Plasma Analyser)
سەرچاوەکان
1.http://www.esa.int/Science_Exploration/Space_Science/Solar_Orbiter/Solar_Orbiter_factsheet
2. https://www.nature.com/articles/d41586-020-00365-1?utm_source=Nature+Briefing&utm_campaign=5ec0d7212c-briefing-dy-20200210&utm_medium=email&utm_term=0_c9dfd39373-5ec0d7212c-44798109