لە زانکۆی ڕاپەڕین سیمپۆزیۆمێک دەربارەی نەخۆشی تالاسیمیا بەڕێوەچوو

چاپکردن

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، بە دروشمی " لە پێناو نەوەیەکی تەندروست و دوور لە تالاسیمیا پشکنینی پێش هاوسەرگیری تاکە گرەنتی خێزانێکی تەندروستە" کۆلێژی پەرستاری و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی لە زانکۆی راپەرین بەھەماھەنگی سەنتەری تالاسیمیا لە سلێمانی سیمپۆزیۆمێکیان دەربارەی نەخۆشی تالاسیمیا سازکرد.
لە دەستپێکی سیمپۆزیۆکە، مامۆستا پێشڕەو خدر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و سەلامەتی لە زانکۆی راپەرین وتەیەکی پێشکەشکرد و چەند زانیارییەکی دەربارەی نەخۆشی تالاسیمیا و مەترسییەکانی بۆسەر کەسی توشبوو خستەڕوو، هەروەک ڕۆڵی زانکۆی ڕاپەڕینی وەک ناوەندێکی ئەکادیمی لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زانستی سەبارەت بەو نەخۆشییە بە پێویستزانی.
پاشان سیمپۆزیۆمەکە بە دوو پانێڵ بەردەوامی بە کارەکانیدا ، لە پانێڵی یەکەمدا چیمەن جمال لە سەنتەری تالاسیمیا-سلێمانی بابەتێکی بە ناونیشانی (نەخۆشی تالاسیمیا) پێشکەشکرد ، دواتر تەوەرێک بە ناونیشانی (پاڵپشتی دەروونی توشبووانی تالاسیمیا ) لەلایەن ڕێژین محمد رشید توێژەری دەروونی پێشکەشکرا، پاشان ڕاهێنراوی تاقیگەیی جوتیار تەها تۆفیق کۆتا بابەتی پانێڵی یەکەمی بە ناونیشانی (پەیوەندی نێوان تەندروستی و دادگا و ئەوقاف ) پێشکەشکرد.
دواتر لە پانێڵی دووەمی سیمپۆزیۆمەکەدا، کارزان محمد رسول بە باسێک دەربارەی (سەنتەری تالاسیمیا و هیمۆفیلیای ڕاپەڕین ) بەردەوامی بە سیمپۆزیۆمەکەدا، پاشان پارێزەر هاوژین سالح عبداللە تەوەرێکی لە ژێرناوی (گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگا) پێشکەشکرد، کۆتا بابەتی سیمپۆزیۆمەکە لەلایەن مامۆستا غەریب احمد بەڕێوەبەری ئەوقافی ڕاپەڕین بەناونیشانی ( ڕۆڵی ئەقافی ڕاپەڕین لە ئاراستەکردنی مینبەر بۆ پرسی تالاسیمیا ) پێشکەشکرا.