ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠، بەشی فەلسەفە لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، سیمینارێکی فەلسەفی بۆ ڕەوانبێژی بواری فەلسەفە دکتۆر محمد کەمال دەربارەی (واتای بوونی مرۆڤ) سازکرد.
لە سیمینارەکەدا دکتۆر محمد کەمال وەڵامی چەندین پرسیار و شیکاری فەلسەفی دەربارەی چەمکی "واتای بوونی مرۆڤ " و ئێمە بۆچی لێرەین ؟ بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، هەروەک باسی لە تێڕاونینی کۆمەڵی فەیلەسوفی ناودار کرد بۆ ژیان و ئامانج لە بوونی مرۆڤ، هەروەها وەکو خۆی چەند شیکاریەکی فەلسەفی دەربارەی ژیان و ئامانج له بوونی مرۆڤ باسکرد.
فەلسەفەکاری بە ئەزموونی کورد دکتۆر محەممەد کەمال، لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانەوە بۆ خوێندنی فەلسەفە ڕووی لە پاکستان و دواتر ئەڵمانیا کردووە، ناوبراو بەردەوام خاوەنی پرۆژەی فەلسەفی خۆی بووە، زۆر لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانی بواری فەلسەفەی بەکوردی کردووە، بەشێوەیەکی سیستماتیک لەنێو مێژووی فەلسەفەدا لەسەر زۆر لە فەیلەسووفان نووسیویەتی و کارەکانیانی وەرگێڕاوە" ئەفلاتون، ئەرستۆ، ئەفلاتونیزمی نوێ، کانت، هیگڵ، سپینۆزا، نیچە و هایدیگەر، سارتەر و مارکس". هەروەک چەندین کۆڕ و سیمیناری لە ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان سازکردووە.