زانكۆی ڕاپەڕین ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی بەرز ڕاگرت

چاپکردن

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٧ – ١٢ - ٢٠١٩، بەئامادەبونی ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و ژمارەیەك بەڕێوەبەری فەرمانگە حكومیەكانی ناوچەكە، لە بینای کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتیەکانی زانکۆی ڕاپەڕين بە هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان ئەو ڕۆژە نەتەوەییە بەرز ڕاگیراو دواتریش لەهۆڵی چالاكییەكان ژمارەیەك چالاكی بەڕێوەچوون.
رێورەسمی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەكۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وەرزش و رۆشنبیری ریكخرابوو، كە تێیدا سەرەتا، بەڕێز (پ.ی.د. دارا تۆفیق كاكەئەمین) یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران وتەی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕینی بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵاوە پێشکەش کرد، لە وتەکەیدا کورتەیەکی مێژوویی لە بارەی دیاریکردنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان و مێژوی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان باسکرد. هەروەک بونی ئاڵای بۆ ڕەمز و ناساندنی هەر نەتەوە بە گرنگ ناوبرد.
دواتریش چالاكییەكی شانۆیی لەلایەن ژمارەیەك خوێندكاراوە نمایشكراو سیمینارێكیش دەربارەی مێژووی ئاڵای كوردستان لەلایەن (م. رێبوار خالید) مامۆستا لەبەشی مێژووی كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان پێشكەشی ئامادەبوان كرا.
هەروەك دواتریش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و نوێنەرایەتی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لەزانكۆی راپەڕین چەند چالاكییەك لەهۆڵی چالاكییەكانی زانكۆی راپەڕین بەئامادەبوونی سەدان خوێندكار پێشكەشكران.
لەسەرەتادا وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین لەلایەن بەڕێز د. بەهزاد وسو حمد بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە پێشكەشكراو بەگرنگییەوە باسی لەیادكردنەوەی رۆژی ئاڵای كوردستان و بۆنە نەتەوایەتییەكان كرد.
دواتریش وتاری نوێنەرایەتی خوێندكارانی زانكۆی راپەڕین لەلایەن بەڕێز (ژیار حسێن ) پێشكەشكراو هەروەك وتاری لقی راپەڕینی كۆمەڵەی خوێندكارانیش لەلایەن بەڕێز (كێوان رشید) پێشكەشكرا.
دواتریش شانۆییەك نمایشكراو فیلمێكی دۆكیومێنتاریش دەبارەی ئاڵای كوردستان نمایشكرا و پێشانگایەكی فۆتۆگرافیش بۆ ژمارەیەك لە فۆتۆگرافەرانی رانیە كرایەوە كە بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی رانیە سپۆنسەری پێشانگاكەی كردبوو.
زانکۆی ڕاپەڕین ساڵانە هاوشێوەی سەرجەم دامو دەزگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرێت و بەو بۆنەیەوە چەندین چالاکی زانستی و کەلتووری و ئەنجامدەدات، ئەمساڵیش بەڕێوەبەرایەتی چالاکی وەرزشی و ڕۆشنبیری لە زانکۆی ڕاپەڕین چالاکییەکی لەم ڕۆژە نەتەوەییەدا ڕێکخست.