بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەت
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەپەسەندکردنى ڕێنماییەکانى ماستەرو دکتۆرا لەمەودوا لەڕێگەی پلانەکانی خوێندنەوە دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان دەڕەخسێنین، بۆ ئەوەی دەرچوانیش بتوانن کاتەکانتان بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییەکانیان لەناوخۆى هەرێم بەکاربهێنن.
ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (٦-١٠-٢٠١٩) ئەنجومەنى وەزارەت بەسەرۆکایەتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەن و ئامادەبونى سەرۆک زانکۆ حکومییەکان کۆبونەوەى تەواوکارى ژمارە (٥) ساڵى ٢٠١٩ى لەشارى سلێمانى ئەنجامداو چەند تەوەرو بابەتێکى پەیوەست بە پێشخستنى ڕەوشى خوێندنى باڵاى کوردستان بڕیاریان لێوەدرا. لە گرنگترین بڕیارەکانى ئەنجومەنى وەزارەت:
- کۆنوسى لێژنەى سێنتەرەکانى زمان پەسەندکرا:
سەبارەت بە پەسەندکردنى کۆنوسى لێژنەى سەرپەرشتیکردنى سێنتەرەکانى زمان بەمەبەستى پێداچونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانى زمانى ئینگلیزى لە کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و سەرپەرشتى کردنى کاروبارى سێنتەرەکان، ئاماژە بۆ ئەوە کرا کۆنوسەکان لەبەرژەوەندى خوێندکاران و هەمو ئەو کاندیدانەیە کە سەرقاڵى ئەم پرۆسەیەن، بۆ ئەمەش د. محمد حوسێن سەرۆکى لێژنەى پێداچونەوە بە ڕێنمایەکانى زمانى ئینگلیزى ئاماژەى پرۆگرامەکانى خوێندن و تاقیکردنەوەى دیاریکردنى ئاست و خولى ڕاهێنان و ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى کۆتایى و هەڵسەنگاندنى کۆتایى خولەکان و تاقیکردنەوەى کۆتایى و دانانى پرسیار و لێژنەى تاقیکردنەوەکان و لێژنەى راستاندن و گازاندەو کاتى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەکانى کۆتایى کردو بۆ ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتى خستەڕو.
- ڕێنماییەکانى کردنەوەى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا پەسەندکرا:
لەبارەى کردنەوەى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، دواى ڕاگۆڕینەوەى ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت و گفتوگۆکردن لەسەر یەکە بە یەکەى بڕگەو مادەکانى پەیوەست بە پوختەى ڕێنماییەکانى ماستەرو دکتۆرا لەوانە (مهرجی تێكرای نمره (معدل)، مهرجی توانستی زمانی ئینگلیزی، مهرجی تاقیكردنهوهی توانستی زانستی، مهرجی تهمهن، مهرج و پێداویستی كردنهوهی ماستهر و دکتۆرا له زانكۆكان، پێشكهشكاری دهرهوهی شارهكانی ههرێمی كوردستان و دهرهوهی عێراق، پێداویستیه زانستیهكانی خوێندن، پلان و ژمارهی كورسیهكان ... هتد ) تاوتوێکران، دواتریش ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێنماییەکانى ماستەرو دکتۆراى پەسەندکرد.
بۆ پەسەندکردنى ڕێنماییەکانیش د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەمەودوا و لەڕێگەی پلانەکانی خوێندنی ماستەر و دکتۆراوە دەتوانین دەرفەتی زیاتری خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانکۆکانمان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان دەڕەخسێنین بۆ ئەوەی بتوانن کاتەکانتان بەکار بهێنن بۆ گەشەپێدانی توانای زانستی و ئەکادیمییان.
وابڕیارە لەداهاتویەکى نزیکداو دواى پوختکردنى ڕێنماییەکان بەو گۆڕانکارییانەى لە کۆبونەوەکەدا بڕیارى لێدرا، ڕێنماییەکان بڵاودەکرێ،ەوە بۆ ئەوەى خوازیاران بتوانن ئاشنای تەواوى ڕێنماییەکان بن و خۆیان بۆ خوێندنى ماستەرو دکتۆرا ئامادەبکەن.
- ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکارانى دوانزەى ئامادەیى پەسەندکرا:
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا ئەنجامى وەرگرتنى خوێندکاران/ قوتابیانى قۆناخى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠١٩-٢٠٢٠) پەسەندکرا. واش بڕیارە لە داهاتویەکى نزیکدا ئەنجامى وەرگرتن ڕابگەیەنرێت.
لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەند بابەت و تەوەرێکى دیکەى پەیوەست بە بوارى زانستى و خوێندکاران و کارگێڕى پەیوەست بە زانکۆکان و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان و داواکارى و پێشنیازى مامۆستاو فەرمانبەر و هاوڵاتیان گفتوگۆى لەبارەوە کراو بەپێى پەیوەندى و لە چوارچێوەى یاساو ڕێنماییە کارپێکراوەکان بڕیاریان لێدرا.
http://mhe-krg.org/ku/node/4053