خوێندكارانی ئازیز…
مامۆستاو فەرمانبەرانی زانكۆمان…
میوانانی خۆشەویست...
بەناوی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی ڕاپەڕینەوە، بەخێرهاتنی گەرمتان دەكەین، و سەری رێزو نەوازش بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان دادەنەوێنین، كە بەخەبات و قوربانیدانی ئەوان توانراوە دەستكەوتە شارستانیی و زانستییەكان لەكوردستان فەراهەم بكرێن و گەشەیان پێبدرێت و كوردستان لە پیلانی دوژمنان و تێرۆریستان بپارێزرێت. دەرچووانی خولی هەشتەمی زانكۆی راپەڕین .
كەسوكاری دەرچووان....
ئەمڕۆ زانكۆی راپەڕین، لەم مەراسیمە زانستیەدا، بەئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەن و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆ، لەهەنگاوێكی زانستیدا بڕوانامەی دەرچوون بەپۆلێكی تر لەگەنجانی نیشتمان، لەپسپۆڕییە جیاوازەكان دەبەخشێت و دەیانخاتە خزمەتكردنی وڵاتەوە. ئاهەنگی دەرچوانی ئەمساڵمان جیاوازترە لە ئاهەنگی دەرچوانی چەند ساڵی ڕابردوو، چونکە ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەم ئاهەنگە بەڕێوەدەبەین کە شەڕی تیرۆرستانی داعش و قەیرانی دارایی یەخەى کوردستانیان بەرداوە ، وردە وردە پاشماوەکانى ئەم دوو قەیرانە بەرەو نەمان و کاڵبونەوە دەچن، بۆیە جێی خۆیەتى کە سوپاسێکی بێپایانى مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران بکەم کە توانیان لە کاتە سەختەکانیشدا دەستبەردارى خەونە گەورەکانیان نەبن و بەگژ ئەو واقعەدا بچنەوە کە بەرۆکی گرتبوین.
ئازیزانن...
زانكۆی راپەڕین، لەماوەی ساڵانی رابردوودا، بەردەوامیداوە بەپێشكەوتنە زانستییەكان لەتازەكردنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندن و گەشەپێدانی ئاستی زمانی ئینگلیزی بۆ ستافی وانەبێژی زانكۆو هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی بۆڵۆنیا لەچەند بەشێكی زانستی لەزانكۆماندا، سەرەڕای هەوڵی بەردەوام بۆ كردنەوەی بەشی نوێ كە لەگەڵ بازاڕی كارو پێویستی هەنووكەیی كوردستان بگونجێن، لەهەنگاوێكی زانستیدا ئەمساڵ كۆلێژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكان لەكەمپەسی قەڵادزێ كرایەوە. هەروەك بەهاوكاری یەكە ئیدارییەكانی سنورەكە زانكۆمان لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئامادەكارییەكانی كردنەوەی كۆلێژی پزیشكی لەزانكۆمان، ئەمە سەرەڕای پەرەپێدانی بواری بەخوێندنی باڵا و كردنەوەی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا لەچەند پسپۆڕییەكی جیاواز لەزانكۆماندا.
زانكۆی راپەڕین، لەگەڵ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی خوێندن، هاوكات ساڵانە چەندین كۆنفڕانس و سیمپۆزیۆم و وێركشۆپی زانستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەسەدان چالاكی زانستیی و رۆشنبیریی و كەلتوری و هونەری ئەنجامداوە، لە چەندین پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی خوێندکاراندا سەرکەوتنی بەرچاوى بەدەستهێناوە، هەر ئێستا زیاتر لە (٣٠) خوێندکاری زانکۆمان لە زانکۆی کوردستان / سنه دەخوێنن و لە کۆتایی خوێندنەکەیان دەبنە خاوەنى بڕوانامەى هەردوو زانکۆی ڕاپەڕین و کوردستان. هەروەک پلانمان هەیە ئەم مۆدێلە ناوازەیە گەشە پێبدەین و بیبەینە ئاستێکی باشتر.
خۆشەویستان ...
زانکۆمان لە گەرمەى قەیرانی داراییدا نەیویست خۆی لە بەرپرسییارێتی کۆمەڵایەتی بدزێتەوە و وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی پرۆژەیەکى ڕاگەیاند بە ناوى (زانکۆ بۆ هەموان) کە بەپێی ئەم پرۆژەیە هەموو کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەتوانێت کورسیەکى خۆڕایی خوێندنی پارالێڵ یان ئێواران بەدەست بهێنێت و زانکۆ تەواوى تێچوەکەى دەگرێتە ئەستۆ کە بە خۆشحاڵیەوە چەندین خوێندکار سودمەندی ئەم پرۆژەیەن، لەبەر گرنگى پرۆژەکە هیواخوازین ئەم پرۆژەیە تەنها ئێمە خاوەنی نەبین و بێتە پرۆژەیەکى نیشتیمانى لەسەر ئاستى کوردستان.
ئازیزان ..
ئامانج و خەونی ئێمە بۆ ئەوەیە کە دەرچوانمان بە لێهاتویی و کارامەیی زیاتر و گونجاو لە گەڵ سەردەمدا ڕەوانەى بازاڕى کاربکەین، من زۆر خۆشحاڵم و شانازیش دەکەم کە لە بۆنەو کاتی جیاوازدا چیرۆکی سەرکەوتنی بەشێک لە خوێندکارانمان لەبوارە جیاوازەکاندا دەبیستم، هیواخوازم وکاریش دەکەین بۆ ئەوەى لە داهاتودا دەرچوانمان بە لێهاتوییەکانیان متمانەى بازاڕى کار مسۆگەر بکەن وهەریەکەیان بتوانێت لە بوارى پسپۆری ولێهاتوییەکەى چیرۆکێکی سەرکەوتن بۆ میللەتەکەمان تۆمار بکات. جێی خۆیەتى ئەم بۆنەیە بە دەرفەت وەربگرم و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەم کە هەلی خزمەتکردن بۆ دەرچوان و تەواوى خەڵکی کوردستان بڕەخسێنن چ لە کەرتی گشتی یا بەهێزکرنى کەرتی تایبەت بۆ ڕەخساندنى هەلی کارى لەبار و شایستە بە ژیان و گوزەرانی خەڵک.
دەرچووانی ئازیز، دووبارە پیرۆزبایی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس-تان لێدەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین لەقۆناغەكانی داهاتووی ژیانتاندا، ڕاستە ئیتر ئێوە خوێندکارى ئەم زانکۆیە نین و ئەم قۆناغەتان تێپەڕاند، بەڵام بە دڵنیاییەوە بە تەواوى توانامانەوە پشتتان دەگرین لە هەرکوێیەک پێویستتان پێمان بێت. دەرچون و بڕوانامەتان پیرۆز، سەرکەوتوبن
. پ.ی.د. موفق خالد ابراهیم
سەرۆکی زانکۆی راپەڕین
٢٥. ٩ . ٢٠١٩