ئەمڕۆ یەکشەممە ( ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٩)، بەڕێز (د. ئارام محمد قادر) وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری سەردانی زانکۆی ڕاپەڕینیان کردو لەلایەن بەڕێز ( پ.ی.د. موفق خالد ئیبراهیم) سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆو بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی زانكۆوە پێشوازییان لێکراو دواتریش وەزیرو وەفدی یاوەری بەشدارییان كرد لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا بەڕێز (پ.ی.د. موفق خالد ئیبراهیم) سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین لە وتەیەکدا بەناوى ئەنجومەنی زانكۆو مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆوە بەخێرهاتنى وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى و وەفدی وەزارەتى خوێندنی باڵای کردو باسێکیشى لەبارەى پێکهاتەى زانکۆ وەک دامەزراوەیەکى زانستى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کرد.
دواتر وەزیری خوێندنی باڵا باسی لە کێشەو گرفتەکانی سیستەمی خوێندن کرد لەهەرێمی کوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد کە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەنجامدانی کۆنفرانس و وێرکشۆپی ئەکادیمی و زانستی هاوبەش، ڕاو سەرنجی پسپۆڕان و شارەزایان وەربگرن و پێداچونەوە بەکۆی سیستەمی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا بکەن.
پاشان هەردوو بەڕێزان (د. موفق خالد ئیبراهیم سەرۆکی زانکۆی راپەڕین و د. ئامانج عبداللە سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی) پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشیان بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەربارەی سەردانی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ زانکۆی ڕاپەڕین ئەنجامدا.
لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکەدا د. ئامانج عبداللە سەعید وتی: لە چوارچێوەی پلانی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵا بۆ هەموو زانکۆکان سەردانی زانکۆی راپەڕینمان کردوەو بەشداری لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ دەکەین و گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ دەکەین دەربارەی پلانی چوارساڵی زانکۆ و وەزارەت و بارودۆخ و پێداویستی زانکۆ و بەسەرکردنەوەی کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی راپەرین .
لەبەشێکی تری قسەکانیدا د. ئامامج روونیكردەوە كە پلانی چوارساڵی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئامادەیەو لەئایندەیەکی نزیکدا ڕادەگەیەنرێت، هەروەها باسی لەوەش کرد کە لەوەرگرتنی خویندکاران ڕەچاوی بارودۆخی زانکۆکان دەکرێت، لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی کردنەوەی خوێندنی ماستەرو دکتۆرا لە ناوخۆ د. ئامانج وتی : پلانی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بەشێوازی سپلیت سایت ئامادەکراوە تەنها ئەوەی ماوە لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت پەسەند بکرێت و ڕابگەیەنرێت.
دوای ئەوە بەڕێز (پ.ی.د. موفق خالد) سەرۆکی زانکۆی راپەڕین لەپرێس كۆنفڕانسەكەدا بۆ رۆژنامەنووسانی روونكردەوە كە وەزیری خوێندنی باڵاو شاندی وەزارەت بەشداری لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی زانکۆدا دەکەن و گفتوگۆ لەسەر پلانی ساڵی داهاتوی زانکۆی راپەڕین و توانای زانکۆی ڕاپەڕین لە وەرگرتنی خویندکاری تازەو گیروگرفت و کێشەکانی خویندن لە بەش و کۆلێژەکانی زانکۆمان بەتایبەت و سیستەمی خوێندن بەگشتی دەکەین.
لەمیانی سەردانەكەیدا مەڵبەندی راوێژكاری پڕكردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی زانكۆی لاینی خوێندكارانی دوانزەی ئامادەیی لەزانكۆی راپەڕین بەسەركردەوە، و لەكۆتایی سەردانەكەشیدا ، كۆلێژەكانی زانكۆی راپەڕینی بەسەركردەوەو لەنزیكەوە لەگەڵ فەرمانبەران و خوێندكاران گفتوگۆی دەربارەی كێشەكەو داخوازییەكانیان كرد.