ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ئابی ٢٠١٩، بەشی فەلسەفە لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، وێرکشۆپێکی دەربارەی ( نوێکردنەوەی پڕۆگرام و گۆڕینی سیستەمی خوێندن، هەنگاوێک بەرەو بەجیهانیبوون) ئەنجامدا.
وێرکشۆپەکە بەبەشداری ستافی وانەبێژی و لیژنەی زانستی بەشی فەلسەفە و هەروەها مامۆستایانی هەریەکە لە وەزارەتی پەروەردە، زانکۆی سەلاحەدین، زانکۆی سلێمانی و زانکۆی کۆیە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش لەپێناو گفتۆگۆی زانستی و ئەکادیمیانەی ورد بۆ گۆڕینی پڕۆگرام و سیستەمی خوێندن.
(م. ئارام قادر) مامۆستا لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی ڕاپەڕین، سەبارەت بەئامانجی ئەنجامدانی وێرکشۆپەکە وتی : "لەپێناو نوێبونەوەو بەجیهانیبون و بەکرداریکردن و بەکەلتورکردنی فەلسەفە لەکۆمەڵگای کوردیدا، هەروەها لەژێر ڕۆشنایی فەرمان و بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆی ڕاپەڕین و کۆلێژ و بەشەکەمان، بڕیارماندا بە سازدانی ئەم وێرکشۆپە بۆ گۆڕینی پڕۆگرامەکانی بەشی فەلسەفە و زیادکردنی وانەی کرداری و نوێ، هەروەها گۆڕينی سیستەمی خوێندن لە ساڵانەوە بۆ وەرزی".
