ئەمڕۆ دوو شەممە ١ی نیسانی ٢٠١٩، بە ئامادەبوونی بەڕێز (پ.ی.د. موفق خالد ابراهیم) سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ ، سێنتەری گەشەپێدانی کار، مەراسیمێکی بۆ بەخشینی بڕوانامە بە خوێندکارانی سەرکەوتووی خولی ڕاهێنانی تواناكان ڕێکخست.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا وتاری سەرۆکایەتی زانکۆ لەلایەن بەڕێز د.دارا تۆفیق یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ پێشکەشکرا: تیایدا بەگرنگییەوە باسی لە خولی ڕاهێنانی تواناکان کرد بۆ خوێندکارانی زانکۆ و بە تەواوکەری وانە تیۆرییەکانی دانا، وتیشی: وەک ئاشکرایە زانکۆی ڕاپەڕین گرنگیەکی زۆری بە بواری ڕاهێنانی توانای خوێندکارانی داوە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین ، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە ڕاگر و سەرۆک بەشەکان و ستافی ئەکادیمی و زانستی زانکۆ کرد کە هاوکار و هەماهەنگی تەواوی سێنتەری کاری زانکۆمان بکەن.
دواتر مامۆستا سەرهەد هەمزە بەڕێوەبەری پێشوی سێنتەری گەشپێدانی کار لە زانکۆی ڕاپەڕین وتەیەکی پێشکەشکرد: تیایدا کورتەیەکی دەربارەی پڕۆژەی خولی ڕاهێنانی تواناکان خستەڕوو، وتیشی پڕۆژەکە بریتییە لە خولێکی پراکتیکی بۆ ڕاهێنانی خوێندکارانی زانکۆ کە ڕاستەوخۆ لەلایەن نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی دەکرێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێزینەوەی زانستی.
پاشان مامۆستا زەردەشت محمد بەڕێوەبەری سێنتەری کار لە وتەیەکدا: ئاماژەی بە کار و چالاکییەکانی ئێستای سێنتەرەکەیان کرد، وتیشی ئامانجی سێنتەرەکە دروستکردنی دەستی کار وگەشەپێدانی توانای خویندکارانی زانکۆیە، پاشان سوپاسی خۆی ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆ و گشت ڕاگرەکان و نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی خوێندنی باڵا و بەشێک لە دامەزراوەکان و کۆمپانیاکانی کرد بۆ هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوامیان .
دواتر خوێندكارانی بەشداربووی خولی ڕاهێنانی تواناكان باسیان لە ئەزموونی کارکردنیان کرد لەو کۆمپانیایانەی کە ڕاهێنانیان تیادا ئەنجامداوە.
لە کۆتای مەراسیمەکەدا سوپاسنامەی نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت بەو کۆماپانیایانە بەخشرا کە خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین ڕاهێنانیان تیادا کردووە، پاشان بڕوانامەی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین بە سەرجەم خوێندکارانی بەشداربووی خولی ڕاهێنانی تواناکان بەخشرا کە ژمارەیان (٦٧) خوێندکار بوو.