سیمپۆزیۆمێک بە ناونیشانی ڕاپەڕین، ڕوداوێک لە نێوان ئامانج و ئەنجامدا بەڕێوەچوو

چاپکردن

ئەمڕۆ سێ شەممە ۱۲-۳-۲۰۱۹، بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و ژمارەیەک بەرپرسی حزبی و حکومی و مامۆستایان و خوێندکارانی کولێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، لە (۲۸)هەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ٥ی ئاداری ۱۹۹۱ی گەلی کوردستان، کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانكۆی ڕاپەڕين سیمپۆزیۆمێکی به ناونیشانی (ڕاپەڕین، ڕوداوێک لە نێوان ئامانج و ئەنجامدا) ڕێکخست.

لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەکەدا د. پێشەوا حمید ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، وتارێکی پێشکەشکرد : تیایدا وێڕای بەخێرهانی ئامادەبووان، سوپاسی لیژنەی ڕێکخەری سیمپۆزیۆمەکەی کرد، دواتر لە وتارەکەیدا سەرەنجی ئامادەبووانی بۆ ناونیشانی سیمپۆزیۆمەکە ڕاکێشا و وتی: دەمانەوێ لە ڕێگەی ئەم جۆرە چالاکیانەوە بە فەلسەفە و ئامانجەکانی پشت سەرهەڵدانی ڕاپەڕین بگەین، هەروەک دەمانەوێ بەوپەڕی بەرپرسیارێتی ئەکادیمی و نیشتمانی ئاماژە بە کارەکتەرەکان و هۆکارەکانی پشت ڕاپەڕین شکۆدارترین ئەنجامەکانی بدەین .

دواتر وتاری سەرۆکاتی زانکۆ لەلایەن د. دارا تۆفیق یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ پێشکەشکرا: تیایدا بەناوی سەرۆکایەتی زانکۆ سوپاس و بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد، دواتر بەگرنگییەوە باسی لە چاکییەکانی یادی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان کرد، وتیشی: ئەم جۆرە چالاکیانە دەبنە هۆی زیندو هێشتنەوەی یادەوەریەکانی ڕاپەڕین لە بیری نەوەی نوێدا.
پاشان مامۆستا ابراهیم سالح قادر سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری سیمپۆزیۆم لە وتەیەکدا : بەکورتی وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی ئاماژەی به ڕاپەڕینی ٥ ی ئاداری ۱۹۹۱ دا، دواتر ئامانجەکانی پشت ڕێکخستنی سیمپۆزیۆمەکەی بۆ مادەبووان ڕوونکردەوە .

پاشان لە دوو پانێڵی سیمپۆزیۆمەکەدا (٤) بابەتی زانستی دەربارەی رەھەندە مێژوویی و جوگرافییەکان و ئامانج و بەرئەنجامەکانی ڕاپەڕین لەلایەن هەریەک لە توێژەران ( پ.ی.د. طلعت محمد طاهر، م. ئارام قادر صابر ، د. قادری محمد ، م.ی. ابراهیم سالح قادر) پێشکەشکران.

لە کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا بڕوانامەی ڕێزلێنانی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین بە بەڕێوەبەرانی پانێڵەکان و توێژەران بەخشرا.