ئەمڕۆ یەك شەممە ( ١٠ . ٣ . ٢٠١٩)، لە هۆڵی چالاکیەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، كۆلێژی پەرستاری و بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بە بەشداری چەند توێژەرێكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و بەشداربوونی كونسوڵگەری ئەمریكاو هۆڵەنداو فێمێنیزمی رۆشنگەری لەپلاتفۆڕمی دابڕان و ئەنجومەنی باڵای خانمان، سیمپۆزیۆمێكی نێودەوڵەتی بەبۆنەی رۆژی جیهانی ژنان (٨ی مارس) لە ژێر ناونیشانی (مافەكانی ژنان، پارێزگاریكردن و هاندان) لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدەدات.
سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی "مافەكانی ژنان، پارێزگاریكردن و هاندان" لەدوو بەشی سەرەكی پێكهاتووە، لە تەوەری یەكەمی سیمپۆزیۆمەكەدا (٥) سیمینار پێشكەش دەكرێن، و تەوەری دووەمی سیمپۆزیۆم لە یەك سیمینارو پانێلێكی نێودەوڵەتیی و پرسیارو وەڵامی ئامادەبووان و قسەكەرانی پانێلەكە پێكهاتووە.
لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەکەدا بەڕێز (پ.ی.د. موفق خالد ابراهیم) سەرۆكی زانكۆی راپەڕین وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین ی پێشکەشکرد.
دواتر سەرۆكی لیژنەی باڵای سیمپۆزیۆم بەڕێز (پ.ی.د. سەنا حسن) وتاری لیژنەی باڵای سیمپۆزیۆمی پێشکەشکرد.
تەوەری یەکەمی سیمپۆزیۆم:
لەتەوەری یەكەمی سیمپۆزیۆمەكەدا بەڕێز دكتۆر (ویلیام كۆسجن) كونسوڵی گشتی شانشینی هۆڵەندا، سیمینارێکی پێشکەشکرد لەژێر ناونیشانی (مافەكانی ژنان و توندوتیژی جێندەری).
سیمیناری دووەم، لەلایەن بەڕێز (ئەمەل جەلال) ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان لەژێر ناونیشانی (رەهەندو لێكەوتەكانى بەشداريكردنى ژنان لەپڕۆسەى سياسى رۆڵ و پێگەيان لەناوەندەكانى تر) پێشکەشکرا.
بەڕێز (Heather Fabrikant) بەڕێوەبەری كاروباری گشتی لەكونسوڵگەری گشتی ئەمریكا لەهەولێر، سێیەمین سیمیناری لە تەوەری یەکەمی سیمپۆزیۆمەکەدا لەژێر ناونیشانی (تێڕوانینی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەربارەی ڕێگریکردن و بەرەنگاری توندوتیژی ڕەگەزی) پێشکەشکرد.
سیمیناری چوارەمیش لەلایەن بەڕێز دكتۆرە (پەیمان رەمەزان) مامۆستا لەزانكۆی راپەڕین پێشکەشکرا لەژێر ناونیشانی (ژن لە حوكمڕانیدا).
سیمیناری پێنجەمی سیمپۆزیۆم بەڕێز (هاوژین ساڵح عبداللە) مامۆستا لەزانكۆی راپەڕین، لەژێر ناونیشانی (تێڕوانین لەیاسا: یاساكانی عێراق و هەرێمی كوردستان چی دەربارەی مافەكانی ژنان دەڵێن) پێشكەشی ئامادەبوانی کرد.
تەوەری دووەمی سیمپۆزیۆم:
لەتەوەری دووەمی سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی "مافەكانی ژنان، پارێزگاریكردن و هاندان" بەڕێز دكتۆرە (ژیا عباس قادر) توێژەر لەفێمێنیزمی رۆشنگەری پلاتفۆڕمی دابڕان، سیمینارێکی لەژێر ناونیشانی (كاریگەرییەكانی سۆشیال میدیا لەسەر توندوتیژییە جێندەرییەكان) پێشکەشکرد.
پاشان بەڕێز (Marilyn Gardner) مامۆستا لەزانكۆی راپەڕین، پانێلێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی "دیدگای مافەكانی ژنان" بەڕێوەبرد، لە پانێڵەکەدا هەریەك لەبەڕێزان (Ana de Velde و Kathleen Queen و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆرە سەنا حسن و خاتوو رانیە احمد) چەند بابەتێکیان دەربارەی مافەکانی ژنان پێشکەشکرد و بە پرسیار و وەڵام و گفتوگۆی کراوەی ئامادەبوان و قسەکەرانی پانێڵ کۆتایی بە تەوەری دووەمی سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی "مافەكانی ژنان، پارێزگاریكردن و هاندان" هات.
لە کۆتاییشدا بڕوانامەی بەشداریکردن بە توێژەران و پێشکەشکارانی سیمپۆزیۆمەکە بەخشرا.