رۆژی سێشەممە (٥ی ئاداری ٢٠١٩)، نەتەوەی کورد (٢٨)مین ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی (٥ی ئاداری ١٩٩١) دەکاتەوە، کە لەشاری رانیەوە دەستبيَكردو دواتریش سەرجەم شاروشارۆچکەکانی باشوری کوردستانی گرتەوەو بووە ھۆی وەرچەرخانێکی گەورە لە مێژوی ھاوچەرخی كورداو سەرەتای حوکمی خۆجێی و دامەزراندنی دامەزراوە دەوڵەتییەكان بوو لەباشوری کوردستان.
هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێكە هەرێمی کوردستان لەژێر مەترسی گەورەی ناوخۆیی و ھەرێمییدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا برا پێشمەرگەكانمان لەسەنگەری بەرگریكردن لەماف و ئازادییەكانی مرۆڤ بەگشتی و مرۆڤی كوردو عێراقدا جەنگاون و لەو پێناوەداو بەئامانجی رزگاركردنی بەشێكی زۆری عێراق لەژێر مەترسیی و حوكمی گروپە تێرۆریستییە تاریكە پەرستەكاندا، چەندین رۆڵەی ئەم نیشتمانە خوێنیان بەخشی و سەرەنجام پەیامە مرۆڤدۆستیی و ئاشتیخوازەكەیان هاتەدی و كوردستان و عێراق و سوریاش لەدەستی رەشی تێرۆریستان رزگاركران.
لەكاتێكدا (٢٨)مین ساڵ یادی راپەڕینی گەلەكەمان پیرۆز دەكەین، ھەرێمی کوردستانیش رووبەروی قەیرانی جۆراوجۆری ئابوریی و سیاسیی بووەتەوە، کە پێویستیان بەچارەسەری خێراو بەپەلە ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەتی مەزن بۆ گەیشتن بەتەواوی مافەکانی گەلی کورد کۆتایی نەھاتووەو پێویستە بەردەوام بین لەشۆڕشی کوردایەتیمان. و ئاساییكردنەوەی ژیانی گشتیی و پێكهێنانی كابینەی نۆی حكومەت و رێككەوتن و شەراكەتی پارتە سیاسییەكان لەكابینەی نوێدا، پێویستە لەئەولەویەتی یەكەمی كاری پارتە سیاسییەكاندا بێت بەئامانجی خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
دەڤەری راپەڕین، سەرمەشقی چەندین شۆڕش و راپەڕینی دیکەیە لەمێژووی رزگاریخوازی کوردانی باشوردا، جگەلەوەش لانکی شۆڕشگێڕی و بەرھەڵستکاری رژێمە دیکتاتۆرو داگیرکەرەکانی پێشووی عێراق و ئینگلیزی و ...ھتد بووە. و لەئێستاشدا ناوچەکە شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکەی کوردستانی لەرۆژھەڵات و باکورو رۆژئاوا لەباوەش گرتووەو دانەبڕاو بووە لەشۆڕشی پارچەکانی تر.
راپەڕینی (٥ی ئاداری ١٩٩١) بوە ھۆی بەدیھێنانی چەندین دەستکەوتی مێژویی، لەوانە: زانکۆی راپەڕین وەک دامەزراوەیەکی زانستی کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لەساڵی (٢٠١٠) دامەزرێنرا، بەرھەمی خوێنی شەھیدانی راپەڕین و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستانە بۆ دەڤەری ڕاپەڕین، زانکۆکە لەتەمەنی کەمی خۆیداو سەرەڕای بوونی قەیرانە یەک لەدوای یەکە دارایی و ئەمنی و سیاسییەکان، توانیویەتی چەندین ھەنگاوی گرنگ بنێت، و ژێرخانێکی گرنگی مەعریفی و ئەکادیمی بۆ کوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش بۆ ئەم سنورە بنیات بنێت و لەئێستادا دووەمین زانكۆی حكومی كوردستانة كە دەستیكردووە بەجێبەجێكردنی سیستەمی بۆڵۆنیا بەئامانجی بوون بەسەرمەشقی ریفۆرمكردن لەسیستەمی خوێندنی زانكۆیی لەكوردستاندا.
لەم بۆنەیەداو بۆ رێزگرتن لەگیانی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان بەگشتی بەھۆی گرنگی شوێنی جوگرافیی و مێژووی ناوچەکە لەبەرھەڵستکاری داگیرکەران نازناوی پایتەختی ئازادی بەشاری رانیە بەخشراوە، بۆیە بۆ رێزگرتن لەجەربەزەیی و چاونەترسیی و ئازایەتی خەڵکی دەڤەری راپەڕین، داواکارین لەحکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان ھەنگاوی جدی بنێن بۆ بەپارێزگاکردنی دەڤەرەکە.
بەناوی ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین-یشەوە، بۆ بۆنەی (٢٨)مین ساڵوەگەڕی راپەڕینەوە، پیرۆزبایی لەسەرجەم گەلی کورد لەھەر شوێنێکی دنیاو بەتایبەت لەھاووڵاتیانی دەڤەری راپەڕین و خوێندکاران و مامۆستیان و فەرمانبەرانمان دەکەین.
لەم بۆنە نەتەوەیی و مێژوویەدا، یادی شەھیدە نەمرەکانمان بەرزرادەگرین و سەری رێز بۆ سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاری کوردستان و شەھیدانی راپەڕینی (٥ی ئاداری ١٩٩١) دادەنەوێنین کە بەخوێنی گەشیان کوردستانیان لەدەستی یەکێک لەدڕەندەترین رژێمەکانی مێژووی مرۆڤایەتی رزگارکرد.
ئەنجومەنی زانکۆی راپەڕین