شاندێکی زانکۆی کوردستان - سنە سەردانی زانکۆی ڕاپەڕین دەکات

چاپکردن

ئەمرۆ پێنج شەممە ١٤ی شوباتی ٢٠١٩، شاندێکی زانکۆی کوردستان- سنە سەردانی زانکۆی ڕاپەڕینی کرد و، لەلایەن سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. موفق خالید ابراهیم و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین پێشوازیان لێکرا.
بەمەستی پەرەپێدانی په‌یوه‌ندییه‌ زانستییه‌كانی نێوانیان، شاندێکی زانکۆی کوردستان-سنە کە پێکهابوو لە بەڕێزان د. فەردین اخلاقیان سەرۆکی زانکۆ کوردستان-سنە ، د. رحمەت سادەقی بەرپرسی تویژینەوە و بڵاوکردنەوە ، د. عوسمان عزیزی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و، د. عادل سی و سەمردە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، د.عبداللە حسن زادە و، د. رحمان حلاج بەڕێوەبەری تاقیگەی ناوەندی زانکۆ و ، مامۆستا سەمیعی فەرد راوێژکاری سەرۆکی زانکۆ، سەردانی زانکۆی ڕاپەڕین-یان کرد .
دوای گەیشتنی شاندەکە لە سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین کۆبوونەوەیەک لەنێوان ستافی هەردوو زانکۆ ئەنجامدرا و، تیایدا باس لە چەند تەوەرێکی گرنگی زانستی و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی نێوانیان کرا، وەک پۆست دکتۆرای هاوبەش لە نێوان هەردوو زانکۆ و ئەنجامدانی توێژینەوەی هاوبەش لە نێوان توێژەرانی هەردوو زانکۆ، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پڕۆسەی خوێندنی بەکالۆریۆسی هاوبەش لە بەشەکانی باخداری و سامانی ئاژەڵ کرا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باسکردن بوو لە ئەنجامدانی کۆنفراسێکی هاوبەش لە نێوان زانکۆی راپەڕین و زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی کوردستان-سنە، بە ناونیشانی (توێژینەوەی زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی [زمانناسی و بوودتیقا] )، کە وابڕیارە لە مانگی شەشی ئەمساڵ لە زانکۆی کوردستان-سنە بەڕێوەبچێت .