بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و زانكۆی راپەڕین هەماهەنگی زانستیی دەكەن

چاپکردن

سەرلەبەیانی ڕۆژی سێ شەممە ٥-٢-٢٠١٩ وەفدێكی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی کە پێک هاتبون لە بەڕێزان مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرانی پەروەردەکانی پشدەرو رانیەو لێپرسراوانی خۆیەتی و پلاندانان لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردە سەردانی زانكۆی راپەڕینیان كردو لەلایەن سەرۆكی زانكۆوە پێشوازیان لێكرا.

ئامانج لەسەردانەکە قسەکردن بوو لەسەر چۆنێتی هەماهەنگی نێوان زانکۆی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، بەتایبەت لەسنوری پشدەرو بیتوێن. لەمیانی دانیشتنەکەدا هەردوولا لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن، و بڕیارە کۆنوسی کۆبونەوەکە بنێردێت بۆ هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی پەروەردە بەمەبەستی کارئاسانی بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕەزامەندی نیشاندا کە لەلای خۆیانەوە کارئاسانی بکەن بۆ گواستنەوەی میلاکی بەشێک لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا لەسەر میلاکی پەروەردەوە بۆ سەر زانکۆی ڕاپەڕین بۆ چارەسەری گرفتی کەمی ستاف لەهەندێ بواردا. هەروەها هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە لەکاتی کردنەوە یاخود هەڵپەساردنی بەشێک یان چەند بەشێک لە زانکۆی ناوبراو ڕەچاوی پێداویستیەکانی بەڕێوەبەرێتی پەروەدەی ناوچەکە بکرێت، تا لەو ڕێگەیەوە زانکۆ بتوانێت هاوکاری کەرتی پەروەردە بکات. هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر کردنەوەی خولی ڕاهێنان بە هاوبەش لە نێوان هەردوولا بۆ مامۆستایان.