ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٣٠\١\٢٠١٩ لە هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆی ڕاپەڕین کۆڕبەندێک لە بواری کۆچکردن بە هەماهەنگی بەشی زمانی ئینگلیزی و سێنتەری پەرەپێدان و زمان و ڕێکخراوی The Migrant Project بەڕێوەچوو.
کۆڕبەندەکە بە پێشەکیەک لە لایەن ڕێکخراوەکە و ئامانجەکانی دەستی پێکرد. پاشان ڕێکخراوەکە سێمنارێکی لە بارەی کۆچکردن پێشکەش کرد و تێیدا باس لە کۆچکردن کرا و چەندین حاڵەتی کۆچکردن خرایەڕوو کە تێیدا هاوڵاتیان بوونەتە قوربانی کۆچکردنی نایاسایی. لەوانە، سود لێ وەرگرتنی ئەندامەکانی لاشە، دەستدرێژی سێکسی ... هتد. هەروەک ئاماژە بەوە کرا ئامانجی ئەم ڕێکخراوە پێشکەشکردنی ڕێنمایی و ئامۆژگارییە وەک لە هاندان و ڕێگری کردن. پاشان کورتە ڤیدیۆیەک پێشکەش کرا کە تێیدا چەند قوربانیەکی ئەو ڕێگەیە باسی سەختی و کێشە و گیروگرفتەکانی ئەو ڕێگەیان کرد کە چۆن خۆیان یان کەسێکی نزیک و ئەندامانی خێزانەکەیان بوونەتە قوربانی. لە بەشێکی تری کۆربەندەکە باس لە جێگرەوەکانی کۆچی نایاسایی کرا و چەند ڕێگەیەک خرانە ڕوو. بۆ نمونە، ڤیزای خوێندن، بە دەست هێنانی ڤیزای شنگن یان ڤیزای سەفەر، یان لە ڕێگەی بانگهێشتنامە، یان لە ڕێگەی UNـەوە. دواتر، خوێندکارانمان لە بەشی ئینگلیزی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت ئەنجامی توێژینەوەی خۆیان لە سێمنارێکدا خستەڕوو کە ٥٠٠ کەس بەشداریان کردبوو. لە کۆتایی کۆربەندەکە، دیبەیتێک لە لایەن ستافی ڕێکخراوەکە ئامادەکرابوو و کۆمەڵێک لە بەشداربووان لە دیبەیتەکە ئامادەبوون، کە تێیدا بیروبۆچوون و سەرەنج و تێبینی زۆر هاوبەشی پێکرا و چارەسەر و پێشنیار خرانەڕوو.