سیمینارێک دەربارەی سیستەمی بۆلۆنیا پرۆسێس (ECTS) بەڕێوەچوو

چاپکردن

ئەمرۆ سێ شەممە رێکەوتی ٢٩ی کانوونی دووەم ٢٠١٩، لیژنەی بەنێودەوڵەتیکردنی زانکۆ لە سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین سیمینارێکی دەربارەی سیستەمی بۆلۆنیا پرۆسێس (ECTS) بۆ مامۆستایانی کۆلێژی پەرستای و زانستە مرۆڤایەتییەکان سازکرد.
لە سیمینارەکەدا پوختەیەک دەربارەی سیستەمی بۆلۆنیا و ئامانجەکانی پیادەکردنی سیستەمەکە پێشکەشکرا، دواتر بەوردی باس لە هەنگاوەکانی پەیرەوکردنی سیستەمی بۆڵۆنیا پرۆسێس کرا و گرنگی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ مامۆستایان ڕوونکرایەوە .
مەبەست لە ئەنجامدانی سیمینارەکە ئامادەکردنی مامۆستایە بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە نوێیە، بەپێی ئەم سیستەمە خوێندکار دەبێتە چەقی فێربوون و مامۆستا تەنها ڕۆڵی ڕێنیشاندەر دەبینێت، وە هەموو هەوڵێکی خوێندکار و ماندووبونەکانی بە ژمارە گوزارشتی لێ ئەکرێت.
سیمینارەکە لەلایەن بەڕێزان (د.بارزان محمد/ لە کۆلێژی پەرستاری ، د.سامان محمد/ سەرۆکی بەشی زمانی ئینگلیزی ، مامۆستا صلاح بابکر حسین بەڕیوەبەری سێنتەری پەرەپیدان و زمان ) پێشکەشکرا.
سیستەمی بۆلۆنیا پرۆسێس (ECTS) لە ئێستادا زیاتر لە (٤٨) وڵاتی ئەوروپا و سەرانسەری جیهان پەیڕەو دەکرێت، ئه‌م سیستمه‌ وا دەکات بە سیستەمی کرێدت خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان بە ئاسانتر لە زانکۆ ناوبەنگەکانی جیهان وەربگیرێن بۆ درێژەدان بە خوێندنی باڵا، هەروەک سیستمی (ECTS) ژینگەیەکی باشتری فێربون بۆ فێرخوازان فەراهەم دەکات، چونکە بەپێی ئەم سیستەمە پێویستە خوێندکار چالاکی زۆر و پڕاکتیکی ئه‌نجامبدات.