زانکۆی ڕاپەڕین سیمپۆزیۆمێک دەربارەی دیجیتەڵ میدیای کوردی ئەنجامدەدات

چاپکردن

ئەمڕۆ سێشەممە (١١ .١٢. ٢٠١٨) ، بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن لە سەرۆکایەتی زانکۆی راپەڕین و ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی بەئامادەبوونی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بەڕێز دكتۆر (موفق خالد ابراهیم) سەرۆكی زانكۆی راپەڕین، سیمپۆزیۆمێکی ‌هاوبەشی بە ناونیشانی (دیجیتەڵ میدیای کوردی لە بەرفراوانکردنی ئازادی ڕادەربڕینەوە بۆ تیرۆری کەسایەتی) لە هۆڵی چالاکیەکانی زانکۆی ڕاپەڕین ئەنجامدا .


لەدەستپێکی سیمپۆزیۆمەکەدا بەڕێز (د. دارا تۆفیق کاکەئەمین) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆکاروباری خوێندکاران وتەی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕینی پێشکەشکرد و دواتر بەڕێز (د. شوان ئادەم ئەیڤەس) سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی وتەی ڕێکخراوەکەی پێشکەشکرد.
پاشان پانێلی یەکەم لەلایەن (م. ئارام قادر) مامۆستا لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی راپەڕین بە ناونیشانی (گرفت و گەشەی دیجیتەڵ میدیای کوردی) بەڕێوەبرا، كە تیایدا چوار بابەت پێشکەشکران، لەلایەن د. شێرکۆ جەبار بابەتێکی بەناو نیشانی (بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و ڕەنگدانەوەی بەها کۆمەڵایەتیەکان) پێشکەشکرد، دواتر مامۆستا ئیسماعیل عوسمان لە بابەتەکەیدا باسی لە (دروستکردنی شوناس لەڕێی بڵاوکردنەوەی وێنەی سێڵفی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا) کرد، هەروەها مامۆستا سەنگەر ڕەسوڵ باسی لە (پێشێلکردنی تایبەتمەندیەکانی مرۆڤ لەدیجیتەڵ میدیادا) كرد، دواتریش د. یەحیا ریشاوی بابەتێکی بە ناونیشانی (بەرپرسیارێتی مامەڵەکردنی پیشەیی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا) پێشکەشکرد.
پانێلی دووەمی سیمپۆزیۆمەكە لەلایەن (م. بەناز حمەڕەشید) مامۆستا لەبەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە ناونیسانی (ئاسۆکانی بەردەم دیجیتەڵ میدیای کوردی) بەڕێوەبرا، كە تیایدا د. ئاراز ڕەمەزان بابەتێکی بەناونیشانی (دیجیتەڵ میدیای کوردی و کۆتایی ژیانی تایبەتی کەسەکان) پێشکەشکرد، دواتر مامۆستا ئەرکان ڕەئوف لە بابەتەکەیدا باسی لە (فەیک نیوز لە دیجیتەڵ میدیای کوردییدا) کرد، هەروەك مامۆستا کامیل عومەر باسی لە (ڕۆڵی فەیسبوک لە پەرەپێدانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا) کرد و دواتریش مامۆستا ڕێباز مەلا بابەتێکی بەناونیشانی (ئاڵنگارییە تەکنیکیەکانی بەردەم دیجیتاڵ میدیای کوردی) پێشکەشکرد.
لەکۆتایی سیمپۆزیۆمەکەشدا ئامادەبوانی سیمپۆزیۆمەکە پرسیارو ڕاو سەرنجەکانیان خستەروو گفتوگۆیان لەسەرکرا و بڕوانامەی تایبەت بەبەشداربوانی سیمپۆزیۆمەکە بەخشرا.