لەزانكۆی راپەڕین، سیمپۆزیۆمی ئاڕاستە هاوچەرخەكان لەزانستە كۆمەڵایەتییەكان رێكخرا

چاپکردن

راگەیاندنی زانكۆ
فۆتۆ: محمد عبداللە
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (٣-١٢-٢٠١٨)، لەهۆڵی چالاكییەكانی زانكۆی راپەڕین، بەئامادەبوونی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بەڕێز دكتۆر (موفق خالد) سەرۆكی زانكۆو یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستیی و بۆ كاروباری خوێندكاران، سیمپۆزیۆمی ئاڕاستە هاوچەرخەكان لەزانستە كۆمەڵایەتییەكان بەڕێوەچوو، كە لەلایەن بەشی زانستیی كۆمەڵایەتی ئێواران لەكۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وەرزش و رۆشنبیریی لەسەرۆكایەتی زانكۆ رێكخرابوو.


لەسەرەتای سیمپۆزیۆمەكەدا لەلایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بەڕێز دكتۆر ( رزگار حاجی صاڵح) وتاری راگرایەتی كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت پێشكەشی ئامادەبووان كرا كە تێیدا بەگرنگییەوە باسی لەرێكخستنی سیمپۆزیۆمەكە كرد. دواتر لەلایەن بەڕێز مامۆستا (بێستون ئەحمەد) سەرۆكی بەشی زانستی كۆمەڵایەتی وتاری سەرۆكایەتی بەشی زانستی كۆمەڵایەتی خوێندرایەوەو تێیدا ئاماژەی بەرۆڵ و گرنگی سیمپۆزیۆمە زانستییەكەدا.
پاشان پانێلی یەكەمی سپمپۆزیۆمەكە بەڕێوەچوو كە لەلایەن بەڕێز (د. پەیمان رەمەزان) بەڕێوەبراو لەلایەن (د. ئاراز رەمەزان) سیمینارێك دەربارەی (زمانی جەستە) پێشكەشكرا، هەروەها سیمیناری دووەم لەلایەن بەڕێز (د. پشتیوان شفیق) دەربارەی ( گرنگی ئەنجامدانی توێژینەوەی مەیدانی لەزانستی جوگرافیادا) پێشكەشكرا، و سیمیناری سێیەمیش لەلایەن بەڕێز مامۆستا ( یادگار مستەفا) دەربارەی (پراكتیزەكردنی توێژینەوەی مەیدانی لەبابەتی جیمورۆفۆلوجیا) پێشكەشكراو دوا سیمیناری پانێلی یەكەم لەلایەن مامۆستا ( هەرێم حسن) دەبارەی (مێژووی زارەكی) پێشكەشكرا، و بەپرسیارو وەڵامی ئامادەبوانیش كۆتایی بەپانێلی یەكەم هات.
لەبەشی دووەمی سیمپۆزیۆمەكەدا پانێلی دووەم بەڕێوەچوو كە لەلایەن بەڕێز مامۆستا ( ئەحمەد حمە مستەفا) بەڕێوەبراو سیمیناری یەكەمی پانێلەكەش لەلایەن بەڕێز مامۆستا ( ئارام قادر) دەربارەی (بیركردنەوەی رەخنەیی) پێشكەشكراو دواتریش سیمیناری دووەم لەلایەن بەڕێز مامۆستا (سەرهەد هەمزە) دەربارەی (هونەری گفتوگۆكردن) پێشكەشكراو سیمیناری سێیەمیش لەلایەن بەڕێز مامۆستا (عبداللە رسوڵ) دەربارەی (كەسایەتی مامۆستا) پێشكەشكرا. هەروەك بەگفتوگۆی بەشداربووان و پرسیارو وەڵامەكان كۆتایی بە پانێلی دووەم هات.
لەكۆتایی سیمپۆزیۆمەكەدا لەلایەن بەڕێز مامۆستا ( محمد قادر) راسپاردەكانی سیمپۆزیۆم خوێندرانەوەو دواتری بڕوانامەی ڕێزلێنان بەسەر ئەو مامۆستایانەدا دابەشكرا كە لە سیمپۆزیۆمەكەدا سیمیناریان پێشكەشكرد.