لەزانكۆی راپەڕین، سیمپۆزیۆمی میوزیك و كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای منداڵ رێكخرا

چاپکردن

راگەیاندنی زانكۆ

فۆتۆ: هاوكار زرار

ئەمڕۆ شەممە (١-١٢-٢٠١٨)، لەهۆڵی چالاكییەكانی زانكۆی راپەڕین، سیمپۆزیۆمێك لەژێرناونیشانی (میوزیك و كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای منداڵ) بەڕێوەچوو كە لەلایەن بەشی باخچەی ساوایان لەكۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت و بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وەرزش و رۆشنبیری زانكۆی راپەڕینەوە رێكخرابوو.

لەسەرەتای سیمپۆزیۆمەكەدا پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بەڕێز (د. رزگار حاجی صاڵح) وتاری راگرایەتی كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی پێشكەشكردو وێڕای دەستخۆشیی لەڕێكخەرانی سیمپۆزیۆمەكە لەچەند وتەیەكیشدا باسی لەكاریگەری میوزیك كرد لەسەر منداڵ و لەپەروەردەی كردنی منداڵدا.

دواتر لەلایەن خوێندكارێكی بەشی باخچەی ساوایانی زانكۆی راپەڕین گۆرانییەك پێشكەشكرا كە لەلایەن مامۆستا (كوردۆ سەردار)ەوە كاری میوزیكی بۆ كرا.

لەبەشێكی دیكەی سیمپۆزیۆمەكەدا سێ سیمیناری زانستی پێشكەشی ئامادەبووان كران، كە سیمیناری یەكەمیان بەناونیشانی (شێوازی وتنەوەی وانەی هونەر لەباخچەی ساوایان) لەلایەن (هەنگاو ئەنوەر) مامۆستای یاریدەدەر لەزانكۆی سەڵاحەدین پێشكەشكرا، دواتر سیمیناری دووەم بەناونیشانی (كێشەی منداڵ و چارەسەری بە میوزیك) لەلایەن (بەشدار ئەحمەد) مامۆستای یاریدەدەر لەپەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی پێشكەشكراو پاشانیش لەلایەن (چیا كمال) مامۆستای یاریدەدەر لەزانكۆی سەڵاحەدین سیمیناری سێیەم لەژێر ناونیشانی (میوزیك و كاریگەری لەسەر سایكۆلۆژیای منداڵ) پێشكەشكرا.

لەكۆتایی سیمپۆزیۆمەكەشدا دەرفەتی گفتوگۆكردن بەئامادەبووان بەخشراو بەپرسیاری ئامادەبووان و وەڵامی پێشكەشكارانی سیمینارەكان كۆتایی بە سیمپۆزیۆمەكە هێنرا.