وەفدی زانكۆكانی رۆژئاوای کوردستان سەردانی زانكۆی ڕاپەڕین دەکەن

چاپکردن

وەفدێکی زانکۆکانی کۆبانێ و عەفرین و قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەمەبەستی هەماهەنگی و پتەوکردنی پەیوندییەكانیان لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ، ئێستا لە باشوری كوردستانن.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠١٨/١٠/٢٥ وەفدێکی زانكۆكانی ڕۆژئاوای کوردستان سەردانی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕینیان کرد و لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆی ڕاپەڕین كۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
سەرەتا هەیسەم محەمەد ئەندامی وەفدی ڕۆژئاوا، پوختەیەکی دەربارەی زانکۆکانی ڕۆژئاوا و کێشەکانی بەردەم کەرتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان لە ڕۆژئاوای كوردستان باسکرد.
دواتر وەفدەکە ویستی خۆیان بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ زانكۆی ڕاپەڕین و زانکۆكانی باشوری كوردستان نیشاندا، هەروەک جەختیشیان کردەوە کە پێویستیان بە هاوکارییە تا بتوانن زانکۆکان بگەڕێننەوە بارودۆخی ئاسایی، داواشیان کرد شاندێک لە زانکۆکانی باشوری کوردستان سەردانی زانکۆکانی ڕۆژئاوا بکەن.
بەڕێز (پ.د. صباح رشید) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، پشگیری و هەماهەنگی زانکۆی ڕاپەڕینی بۆ زانکۆکانی ڕۆژئاوا دووپاتکردەوە و، وتیشی زانکۆکانی ڕۆژئاوا پێویستیان بە هەر جۆرە هاوکاری و هەماهەنگییەک بێت ئامادەین هاوکارییان بکەین، لە پێناو بوژاندنەوە و پێشخستنی کەرتی خوێندنی باڵا لە ڕۆژئاوای کوردستان.
پاشان وەفدەکە سەردانی کۆلێژ و بەشەکانی زانکۆی ڕاپەڕینیان کرد و لە نزیکەوە هۆڵەکانی خوێندن و تاقیگەی بەشەکانیان بەسەرکردەوە.