خوێندكارانی ئازیز...
مامۆستاو فەرمانبەرانی زانكۆمان...
میوانانی خۆشەویست...
بەناوی سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی ڕاپەڕینەوە، بەخێرهاتنی گەرمتان دەكەین و، سەری ڕێزو نەوازش بۆ گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی رێگای ڕزگاری كوردستان دادەنەوێنین، كە بەخەبات و قوربانیدانی برا پێشمەرگەكانمان، توانراوە دەستكەوتە شارستانیی و زانستییەكان لەكوردستان فەراهەم بكرێن و گەشەیان پێبدرێت و كوردستان لەپلانی دوژمنان و تێرۆریستان بپارێزرێت.
دەرچووانی خولی حەوتەمی زانكۆی راپەڕین...، كەسوكاری دەرچووان... ، میوانانی خۆشەویست...، ئەمڕۆ زانكۆمان، لەم مەراسیمە زانستییەدا، بەئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەن و مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆ، لەهەنگاوێكی زانستییدا بڕوانامەی دەرچوون بەپۆلێكی تر لەگەنجانی نیشتمان، لەپسپۆڕی جیاواز دەبەخشێت و دەیانخاتە بازاڕی كاركردن و خزمەتكردنی دامەزراوە نیشتمانییەكانی وڵاتەوە.
سەرەڕای ئەو تەنگژە سیاسیی و ئابورییانەی لەناوچەكەدا ڕوویانداوە، و قوڵبونەوەی قەیرانی دارایی، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا خوێندن لەزانكۆی راپەڕین پەكنەخرا، بۆیە پێویستە لێرەوە سوپاسی زۆری سەرۆكایەتی زانكۆ ئاڕاستەی سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایانی زانكۆمان بكەم كە لەخۆبوردوانە كاریان كردو نەیانهێشت پڕۆسەی خوێندن و فێركردن لەزانكۆ پەكی بكەوێت. هەروەها سوپاسی خوێندكارانی خۆشەویست دەكەم كە لەگەڵ مامۆستایان و بەشە زانستییەكاندا هاوكاربوون لەسەر خستنی پڕۆسەی خوێندندا.
زانكۆی راپەڕین، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بەردەوام بووە لەپێشخستنی زانكۆ لەڕووی ژێرخانی تەلارسازیی و دروستكردنی كۆلێژو تاقیگەو كڵاسی خوێندن و بەشەناوخۆییەكان بۆ خوێندكاران و سەوزكردنی ژینگەی زانكۆ، هاوكات بەردەوامیداوە بەپێشەوكەوتنە زانستییەكان لەتازەكردنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندن و گەشەپێدانی ئاستی زمانی ئینگلیزی بۆ ستافی وانەبێژی زانكۆو هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی بۆڵۆنیا لەچەند بەشێكی زانستی لەزانكۆماندا...لەئێستادا لەهەنگاوێكی نوێدا زانكۆمان دەستیكردووە بە بنیادنانی پێداویستییە سەرەكییەكانی دروستكردنی هۆڵی زیرەكی خوێندن تابتوانرێت لەم رێگەیەوە هەم كواڵێتی خوێندن بەرزبكرێتەوە، هەمیش سوودی زیاترمان هەبێت بۆ كەسانی دەرەوەی زانكۆ.
خۆشەویستان، زانكۆمان هەوڵیداوە هەنگاو بەهەنگاو، خۆی لەگەڵ بازاڕی كاری كوردستاندا بگونجێنێ لەڕێگەی گۆڕینی ئەو بەشانەی زانكۆمان كە پێشتر دەرچووی زۆریان هەبووە، بۆ بەشی كاراترو پێویست تر بۆ بازاڕی كار، وەكو گۆڕینی بەشی بایۆلۆجی بۆ بەشی تاقیگە پزیشكییەكان و هەڵپەساردنی هەندێك بەش و كردنەوەی بەشی زانستی نوێ كە گونجاو بێت لەگەڵ دۆخی ئابوری ناوچەكە وەكو كردنەوەی هەردوو بەشی زانستی سامانی ئاژەڵ و باخداری، وە زانكۆمان بەردەوام دەبێت لەچاكسازییەكانی و هەمیشە هەوڵی پێشەنگبوون دەدات بۆ زیاتر خزمەتكردنی خوێندكاران.
زانكۆی راپەڕین، لەگەڵ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی خوێندن، هاوكات ساڵانە چەندین كۆنفڕانس و سیمپۆزیۆم و وۆكشۆپی زانستیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، و بەسەدان چالاكی زانستیی و رۆشنبیریی و كەلتوری و هونەری ئەنجامداوە، هەروەكو پەیوەندی زانستیی و ئەكادیمی لەگەڵ چەندین زانكۆی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی دروستكردووەو یاداشتی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ واژۆكردون، هەروەك زانكۆی راپەڕین ئەندامی یەكێتیی زانكۆكانی جیهانی و یەكێتی زانكۆكانی ئۆراسیایە. لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشداری لەچەندین پڕۆژەی نێودەوڵەتی كردووە بۆ ئاڵوگۆڕی ستاف و خوێندكاران و گەشەپێدان و بەنێودەوڵەتیكردنی كەمپەسی زانكۆ، لەوانە پڕۆژەی تایگریس لەچوارچێوەی ئیراسمۆس پڵەس و پڕۆژەی مەرحەبای یەكێتی ئەوروپا و دادی ئەڵمانی و ئایرێكسی ئەمریكی و چەندین پڕۆژەی دیكە.
زانستخوازانی خۆشەویست، گەشەپێدانی ژینگەی فێركردن و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانكۆكان لەهەرێمی كوردستان، پەیوەست بووە بەكارو پڕۆژە ستراتیژییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا، هەوڵەکانی لەسەر بەرزکردنەوەی کواڵیتی زانکۆکان و چۆنیتی باشکردنی لایەنی زانستی و ئەکادیمی زانکۆکان چڕکردۆتەوە، لەوانە: فراوانکردنی بازنەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان لە ڕێگەی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکەوە، گۆڕانكاریی لە سیستەمی خوێندن و وەرگرتنی خوێندكاران، گەشەپێدانی سێكتەری توێژینەوەو كێبڕكێی زانستیی لە رێگەی دامەزراندنی سیستەمی ریزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و دواتریش پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی لەرێگەی دامەزراندنی بۆردی توێژینەوەی زانستیی و هەروەها ڕاهێنان و ئامادەکردن و پەرەپێدانی تواناکانی مامۆستایان و توێژەرانی زانکۆکانی کوردستان، لەڕێگەی دامەزراندنی ئینستیتیوتی پەرەپێدانی ئەکادیمی، لەهەمان كاتدا پڕۆژەكانی وەكو چاکسازی لە سیستمی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) و بایەخدان بەزمانی ئینگلیزی و کاراکردنی پڕۆسەی دڵنیایی جۆری و دامەزراندنی سێنتەرەکانی بەکارخستن و بەرنامەی ڕاهێنانی تواناکان، لەلایەن نوسینگەی بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئاوێتەبون بەپرۆسەی بۆڵۆنیا، پڕۆژەگەلێك بوون كە رەوتی گەشەپێدانی زانستیی و كێبڕكێی زانستیان لەزانكۆكان خستۆتە قۆناغێكی پێشكەوتو و سەردەمییەوە لەهەرێمی كوردستاندا.
هیواخوازو داواكارین، حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵی جدی بدەن بۆ دابینكردنی هەلی كار بۆ دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكان و سەرجەم خەڵكی سەربەرزی كوردستان، و ئاستی ژیان و بژێوی خەڵك بەرەو ئاستێكی باشتر ببەن، ئەمەش لەڕێگەی كردنەوەی دەرگای دامەزراندن لەكەرتی گشتی و بەهێزكردنی كەرتی تایبەت تا بتوانرێت زۆرترین هەلی كار دابین بكرێت.
دەرچووانی ئازیز، كەسوكاری دەرچووان، دووبارە پیرۆزبایی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس-تان لێدەكەین و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین لەقۆناغەكانی داهاتووی ژیانتاندا.
پ.ی.د. موفق خالد ابراهیم
سەرۆكی زانكۆ