پاشنیوەڕۆی سێشەممە (16– 10 – 2018)، لەهۆڵی چالاكییەكانی زانكۆی راپەڕین، بەئامادەبوونی نوێنەری مۆزەخانەی بەریتانیاو نوێنەری ژمارەیەك لە زانكۆ بیانییەكان و بەشەكانی شوێنەوار لەزانكۆكانی سلێمانی و سەڵاحەددین و سەندیكاری شوێنەوارناسانی كوردستان و بەرپرسانی فەرمانگەكانی سنورەكە، لەلایەن یەكەی شوێنەواری زانكۆی راپەڕین و سەنتەری پەرەپێدان و زمان كۆڕبەندێك بۆ راگەیاندنی پڕۆژەكانی شوێنەوار لەسنوری ئیدارەی راپەڕین رێكخرا.
لەسەرەتادا بەخێرهاتنی ئامادەبووان كراو دواتریش لەلایەن پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بەڕێز دكتۆر (موفق خالد ابراهیم) سەرۆكی زانكۆی راپەڕین وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕین پێشكەشكرا، كە تێیدا باسی لەگرنگی پڕۆژەكەو ئەنجامدانی كۆڕبەندەكە كرد. هەروەكو ئاماژەی بەگرنگی كردنەوەی یەكەی شوێنەوار لەزانكۆی راپەڕیندا كە لەداهاتوودا دەتوانێت خزمەتی زیاتر بواری شوێنەوار بكات لەناوچەكەدا.
لەكۆڕبەندەكەدا، بەشێك لەبەرنامەی پڕۆژەكەی زانكۆی راپەڕین بەپڕاكتیكی بەئامادەبووان ئاشناكرا.
هەروەك لەلایەن پ.ی.د. عبداللە خورشید قادر سەرۆكی سەندیكایی شوێنەوارناسانی كوردستان و مامۆستا لە بەشی شوێنەوار زانكۆیی سەلاحەدین، سیمینارێك بەناونیشانی (شوێنەوار ناسنامەی میللەتانە، پاراستنی ئەركی نیشتمانی هەمووانە) پێشكەشكراو دواتریش لەلایەن روخسار رەمەزان احمد سەرپەرشتیاری یەكەی شوێنەواری زانكۆیی ڕاپەرین سیمینارێك دەربارەی (شوێنەوارو گرنگیەكەی وەك ناسنامەی نەتەوەیی) پێشكەشكرا. هەروەك لەلایەن عوسمان تۆفیق فەتاح مامۆستا لە بەشی شوێنەوار لەزانكۆیی سلێمانی سیمینارێك بەناونیشانی (چۆن شوێنەوارەكان بناسێنین) پێشكەشكرا.
لەبەشێكی تری كۆڕبەندەكەدا لەلایەن ئاشڵی بارلۆ یاریدەدەری بەرێوەبەری سەنتەری پەرەپێدان و زمان لەزانكۆی ڕاپەڕین پرۆژەی بووژانەوەی دەڤەری ڕاپەڕین لە بواری شوێنەواری و پەیوەستكردنی خەڵك بە ڕابردوویان، بۆ ئامادەبووان روونكرایەوە. هەروەكو لەلایەن جۆن ماك گنسن نوێنەری مۆزەخانەی بەڕیتانیا سیمینارێك بەناونیشانی (ناساندنی پڕۆگرامی راهێنانی پێویستی بەڕێوەبردنی كەلتوری و شوێنەواری لەعێراق) پێشكەشكرا.
لەكۆتایی كۆڕبەندەكەشدا فیلمێكی دۆكیومێنتاری دەربارەی شوێنەوارناسێكی بەریتانی لەعێراق نمایشكرا.