ڕاگرایەتی کۆلێژەکانی زانکۆی ڕاپەڕین لە بارەی دەوام هۆشداری دەدەن بە خوێندکاران

چاپکردن

بەپێی ساڵنامەی خوێندن لە زانکۆی ڕاپەڕین، ڕۆژی ٢٠١٨/٩/١٥ وەک یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن ٢٠١٨-٢٠١٩ دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی دەوری دووەم و هاتنە پێشەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پرۆسەی خوێندن لە هەندێ بەشی زانکۆمان دواکەوت، بەم هۆیەوە لە ڕێکەوتی ٢٠١٨/٩/٢٢ ئامادەنەبوون (غیاب)ی خوێندکاران لە هۆڵەکانی خوێندن تۆمار کراوە، هەروەک بە بڕیاری ڕاگرایەتی کۆلێژەکانی زانکۆمان لە ڕۆژی شەممەوە ڕێکەوتی ٢٠١٨/١٠/٦ سەرەڕای تۆمارکردنی ئامادەنەبوون (غیاب)ی خوێندکاران بەهیچ شێوەیەک وانەی خوێندراو بۆ خوێندكارانی بەشەکان دووبارە ناکرێتەوە.

سەبارەت بە دەستپێکی پرۆسەی خوێندن و ڕێکارەکانی ئامادەنەبونی خوێندکاران (د.هیوا مینە ) ڕاگری کۆلێژی پەروەردە/قەڵادزێ وتی : وەک ڕاگرایەتی کۆلێژی پەروەردە بەپێی ساڵنامەی خوێندن لە زانکۆمان، کارمان بە ڕێکارەکانی پرۆسەی خوێندن و ئامادەنەبوونی خوێندکاران لە هۆڵەکانی خوێندن کردووە لای خۆمان تۆمار کراون، دواتر بەڕاوێژ لەگەڵ ئەنجومەنی زانکۆ بڕیاریان لە بارەوە دەدەین.

هەروەها (د.ڕزگار حاجی ساڵح) ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت بۆ سایتی زانکۆ وتی: وەک ڕاگرایەتی کۆلێژ پابەندین بە جێبەجێکردنی ساڵنامەی خوێندنی زانکۆمان، تا ئێستا (غیاب)ی خوێندکارانمان تۆمار کردووە و لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠١٨/١٠/٦ سەرەڕای تۆمارکردنی غیاباتی خوێندکاران بەهیچ شێوەیەک وانەی خوێندراو بۆ خوێندكارانی بەشەکان دووبارە ناکرێتەوە، بۆیە پێویستە سەرجەم خوێندکاران لە هۆڵەکانی خوێندن ئامادەبن بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن .