سەنتەری كار خولی ڕاهێنانی تواناكان بۆ هەشتا خوێندكار دەكاتەوە بۆ ئەمساڵی خوێندن، سەنتەری گەشەپێدانی كار لە زانكۆی ڕاپەڕین خولی ڕاهێنانی تواناكانی بۆ هەشتا خوێندكاری بەشە جیاوازەكانی زانكۆ كردۆتەوە، لەوانە بەشەكانی (كیمیا، بایۆلۆجی، ئینگلیزی، كۆمپیوتەر و فیزیا). خوێندكارە وەرگیراوەكان بەگوێرەی پسپۆڕی خۆیان، دابەشبوون بەسەر چەند كۆمپانیا و دامەزراوەیەكی كەرتی تایبەت لەوانە (كۆمپانیایی پایۆنێر، كۆمپانیایی سوورە، سەنتەری پەرەپێدان و زمان، گروپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە، ئاسیاسێڵ و كۆكاكۆلا). جگەلە پڕكردنەوەی هەندێك بۆشایی دەستی كار، بەشێك لە خوێندكارەكان بەهۆی شارەزایی و بیرۆكە و چالاكییەكانیانەوە، بوونەتە جێی سەرنج و هاوكارێكی باشی ئەو دامەزراوانەی كە ڕاهێنانی تێدا ئەنجام دەدەن. خولی ڕاهێنانی تواناكان، خولێكی پراكتیكی ورد و توندوتۆڵە، ساڵانە لەژێر سەرپەرشتی سەنتەری كار و بە چاودێری زانكۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا و نووسینگەی بەڕێز جێگری سەرۆكی حكومەت بەڕێوەدەچێت. بەهۆیانەوە خوێندكار ئەزموون و شارەزایی بوارەكەی خۆی، بەشێوازێكی پراكتیكی پەرەپێدەدات و لە كۆتاییدا بڕوانامەیەكی گرنگ بەدەست دەهێنێت كە بۆ بەهێزكردنی سی ڤی و دەستكەوتنی هەلی كار، هاوكاری و كارئاسانی زۆر بۆ خوێندكاری سەركەوتوو دەكات.
