ئەمڕۆ چوار شەممە ٧ی شوباتی ٢٠١٨، لە هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆ، سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین وێرکشۆپێکی بۆ ڕێکخستنی پڕۆگرامەکانی بابەتی کوردۆلۆجی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستاندا ڕێکخست.
بە ئامادەبوونی بەڕێز د.موفق خالید ابراهیم سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگاکان و توێژەرانی بواری کۆردۆلۆجی وێرکشۆپێک بۆ ڕێکخستنی پڕۆگرامەکانی بابەتی کوردۆلۆجی لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستاندا بەڕێوەچوو.
وێرکشۆپەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد، دواتر دکتۆر حلمی رسول وتاری سەرۆکی لیژنەی وێرکشۆپی پێشکەشکرد، تیایدا بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرجەم میوانەکانی کرد، هۆکارەکانی ڕێکخستنی وێرکشۆپەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو، هەروەک باسی لە خەمخۆری سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین کرد بۆ یەکخستنی پڕۆگرامی بابەتەکانی وانەی کوردۆلۆجی لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستاندا بە ئامانجی ئەوەی ئەو نەوە تازەیەی کە دێتە زانکۆکان شارەزاییەکی باشیان هەبێت دەربارەی زمان و ئەدەب و فەرهەنگ و مێژوو و ئاین و جوگرافیا و کلتور و ڕەسەنایەتی نەتەوەکەی خۆیان هەبێت.
دواتر بەڕێز پ.د.صباح رشید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ وتاری سەرۆکایەتی زانکۆی پێشکەشکرد، وێڕای بەخێرهاتنی میوانانی ئامادەبوو دەستخۆشی لە لیژنەی ڕێکخەری وێرکشۆپەکە کرد، وتیشی ئامانجی سەرۆکایەتی زانکۆی ڕاپەڕین لە سازدانی ئەم وێرکشۆپە بۆ زانینی ڕا و سەرنجی گشت شارەزایان و توێژەرانە لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان بۆ یەکخستنی بابەتەکانی وانەی کوردۆلۆجی لە هەموو زانکۆ و پەیمانگاکاندا ئەمەش لەپێناو پارێزگاریکردن لە زمان و ئەدەب و فەرهەنگ و مێژوو و کلتوری نەتەوەی کورد.
دواتر چەند تەوەرێک لە وێرکشۆپەکەدا پێشکەشکران، پڕۆگرامی خوێندنی بابەتی وانەی کوردۆلۆجی لە سەرجەم بەشەکانی زانکۆی ڕاپەڕین لەلایەن مامۆستایانی زانکۆی ڕاپەڕینەوە بۆ ئامادەبووان ڕوونکرانەوە، هەروەک مامۆستایانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان چەندین پێشنیاری بابەتی و زانستی هەمەجۆریان لەسەر تەوەرەکان پێشکەشکرد. پاشان شارەزایان و توێژەرانی بواری کوردۆلۆجی لە زانکۆکانی کوردستان دابەشکران بەسەر چەند لیژنەیەکی پسپۆڕی تایبەتمەند، بۆ خستنەڕووی سەرنج و پێشنیارەکانیان دەربارەی بابەتەکە و ئامادەکردنی ڕاسپاردەکان بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە ئامانجی کار لەسەرکردنیان.
لە کۆتاییدا لیژنە تایبەتمەندەکان پێشنیارەکانیان ئاراستەی لیژنەی ڕاسپاردەکانی وێرکشۆپەکە کرد، وا بڕیارە ئەوانیش ئاراستەی سەرۆکایەتی زانکۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکەن بۆ کار لەسەکردنی ڕاسپاردەکان بە ئامانجی یەکخستنی پڕۆگرامی بابەتەکانی وانەی کوردۆلۆجی لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستاندا.