وەزارەتی خوێندنی باڵا کێشەی دەرچوانی پۆلی (١٢) چارەسەر دەکات

چاپکردن

ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆبونەوەیەکدا دوای تاوتوێکردنی سەرجەم کێشەی دەرچوانی پۆلی دوانزە، بڕیاری چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانیدا.

لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمرۆ دوشەممە، ڕێکەوتی (٢٠١٧/١٠/٣٠) بەسەرپەرشتی د.کەریم ساڵح ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، بەئامادەبونی د.خەتاب ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و، د.محمد سابر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و یاریدەدەری ڕاگری زانکۆکان بۆ کاروباری خوێندکاران و قوتابیان و م. کەریم لەتیف بەڕێوەبەری گشتی ئەزمونەکان لە وەزارەتی پەروەردە بەڕێوەچو، باس لە کێشەو گرفتەکانی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکان و دەستنیشانکردنی ڕێگەچارەکان کرا.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، د.کەریم ساڵح دوای ئەوەی کورتەیەکی لەبارەی چۆنیەتی گەشەسەندنی چەندایەتی و چۆنایەتی زانکۆکان کرد، ئاماژەی بەو گۆڕانکاریانەش کرد کە لە سیستمی ناوەندی وەرگرتن کراوە، وتیشی لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا هەوڵ دەدەین ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو کێشانە دیاری بکەین کە ڕوبەڕوی خوێندکاران و قوتابیان بۆتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ڕایگەیاند: ئەمساڵ لە (٣٨٢) بەشی زانستی دەرچوانی پۆلی دوانزە بەسیستمی وەرگرتنی (ڕاستەوخۆی زانکۆیی) داوای وەرگرتنیان پێشکەشکرد و، لە (١٥٨) بەشی زانستی دیکەش وەرگرتن بە ڕێگەی (زانکۆلاین) بوە و لە (٨٠) کەمتر وەرنەگیراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ژمارەی داواکاری زۆر بوەو بەشەکانیش کەمبوە، جگە لەوەش زیاتر (١٣٠٠) خوێندکار سەرباری ئەوەی نمرەیان لە نێوان (٨٠ بۆ ٩٧)ە بەهۆی ئەوەی لیستی داواکاری بەشەکانیان کەمبوە لە هیچ شوێن وەرنەگیراون، بەڵام وەزارەت لەم ڕۆژانەدا بەپێیی نمرەکانیان و پلانی زانکۆکان دوای ئەوەی خوێندکاران سکاڵا تۆماردەکەن بەسەر بەشەکانی (زانکۆلاین) دابەشیان دەکاتەوە.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، بڕیاردرا هەر ئەمڕۆ دوشەممە لیستی ناوی وەرگیراوان بە ڕێگەی (زانکۆلاین) و سیستمی ڕاستەوخۆ ڕەوانەی سەرجەم زانکۆکان بکرێ، لەگەڵ(کەمترین کۆنمرەی وەرگیراو بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٧-٢٠١٨) لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان) بەڕێگەی (زانکۆلاین)، بۆ ئەوەی خوێندکاران دەست بەمامەڵەی وەرگرتن بکەن.

سەبارەت بەسکاڵا بڕیاردرا کە ئەمڕۆ دوشەممە، لەسەر وێبسایتی (زانکۆلاین) تۆمارکردنی سکاڵا کارا بکرێ، بۆیە خوێندکاران دەتوانن تا سەعات (١٢)ی شەوی هەینی ڕێکەوتی (٢٠١٧/١١/٣) بەشێوەی (ئۆنلاین) سکاڵا تۆمار بکەن، بۆ سکاڵاکردن سەبارەت بەسیستمی (ڕاستەوخۆی زانکۆیی) بڕیاردرا تا رۆژی سێ شەممەی داهاتوو ڕێکەوتی (٢٠١٧/١١/٧) خوێندکاران دەتوانن سکاڵا لە تۆماری کۆلێژەکان تۆمار بکەن.

بۆ کێشەی ئەو خوێندکارانەی کە نمرەکانیان لە نێوان (٦٠ بۆ ٨٠)یە و لە هیچ شوێنێک ناویان نەهاتۆتەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا بەپێی ڕێنماییە پەسندکراوەکان خولێکی نوێی سیستمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو خوێندکارانە بکاتەوە بەتایبەت لەو بەشانەی کە کورسی خوێندنیان بە بەتاڵی ماوەتەوە، بۆ ئەوەش ڕێکەوتی (٥ تا ٩/١١/٢٠١٧) بۆ پێشکەشکردن دیاریکرا و، ڕێکەوتی (١٢/١١/٢٠١٧)بۆ ڕۆژی تاقیکردنەوە لەو بەشانە دیاریکرا، لەهەمان کاتدا زانکۆکان ناوی سەرجەم ئەو بەشانە بڵاودەکەنەوە کە خوێندکاران دەتوانن داواکاری تێدا پێشکەش بکەن.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، چەندین بابەتێکی تاوتوێکرا و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.