ڕۆژی یەکشەممە ٢٠١٧/١٠/٢٢، زانكۆی ڕاپەڕین بەدروشمی (بەرەو ئایندەیەكی رۆشنتر)، لە ڕێوڕەسمێكی شایستهدا ڕێوڕەسمی شەشەمین خولی دەرچووانی بۆ (٩٥٣) خوێندکار سازدەکات.
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکە، ئاراز رمچان ئەندامی لیژنەی باڵای ئامادەکاری رێوڕەسمی دەرچووان وتی: لەڕێگەی لیژنەیەکی باڵاوە زانکۆمان ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شەشەمین خولی دەرچووان و لە ئێستادا سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواوبوون.
ڕوونیشیکردەوە: ڕێوڕەسمەکە بۆ (٩٥٣) خوێندکاری دەرچوو لە کۆلێژەکانی (پەرستاری ، زانست ، پەروەردەی بنەرەت ، زانستەمرۆڤایەتییەکان ، کۆلێژی پەروەردە/قەڵادزێ ) ساز دەکرێت و سەرجەمیان بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان لە پسپۆڕییەکانی خۆیان پێ دەبەخشرێت.
جێی ئاماژەیە زانکۆی ڕاپەڕین لە پێشووتردا لە پێنج خولی دەرچووانیدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بە زیاتر لە (٢١٠٠) خوێندکار لەپسپۆڕییە جیاوازەکان بەخشیوە، بۆ ئەمساڵیش بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە (٩٥٣) خوێندکار لە ١٦ بەشی زانکۆ لە پسپۆڕی جیاواز دەبەخشێت، بەوەش ڕێژەی دەرچووانی زانکۆی ڕاپەڕین لە شەش خولدا دەگاتە زیاتر لە (٣٠٥٣) دەرچوو.