ئەمڕۆ سێ شەممە ۲۰۱۷/۱۰/۱۷، سەرنتەری توێژینەوە لە زانکۆی ڕاپەڕین بەهاوکاری ڕێکخراوی کەی ساین بۆ توێژینەوەی زانستی وێرکشۆپێکی بەناونیشانی (لە بیرۆکەوە بۆ بڵاوکردنەوە) سازکرد.
وێرکشۆپەکە بە ئامادەبوونی بەڕێز د.موفق خالد ابراهیم سەرۆکی زانکۆ و د.هێرش رسول مراد یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران و ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکاران لە هۆڵی چالاکییەکانی زانکۆ بەڕێوەچوو.
سەرەتا د.هێرش رسول وتەی سەرۆکایەتی زانکۆی پێشکەشکرد، تیایدا باسی لە ئەرکی زانکۆکان و ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لە کۆمەڵگادا کرد، وتی: زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەپاڵ ئەرکی فێرکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری ئەرکی ئەنجامدانی توێژینەوە و گەڕان بەدوای چارەسەری کێشەکانی لە ئەستۆیە، هەروەها زانکۆکان لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوە هەوڵی گەڕان بەدوای وەڵامی پرسیارە بێ وەڵامەکان دەدەن .
وتیشی: لەو وڵاتانەی زانکۆکان تا ئاستێکی باڵا پێشکەوتوون بەردوام دۆزینەوە و داهێنانیان دەبنە بنەمای سەرکەوتن و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، بەپێچەوانەشەوە ئەو وڵاتانەی توێژینەوەی زانستی تیایاندا لە نزمترین ئاستدایە بەردەوام بەکارهێنەر و بەرخۆرن. لەکۆتاییدا بایەخی وێرکشۆپەکەی بۆ ئاشناکردنی توێژەر و خوێندکاران بە چۆنیەتی نوسین و بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکان لە گۆڤارە زانستییەکان بەرزنرخاند.
دواتر مامۆستا داهات ئەندامی ئەنجومەنی ڕێکخراوی (کەی ساین) وتەیەکی پێشکەشکرد، وتی ئامانجی ڕێکخراوەکەمان لە ئەنجامدانی خول و وێرکشۆپ و سیمینار هەنگاونانە بەرەو ئامانجە باڵاکان، ڕێکخراوەکەمان چەندین پڕۆژەمان پێیە بۆ خزمەتی کوردستان و بەهاوکاری زانکۆکان و دامەزراوە ئەکادیمییەکان هەوڵی بەدیهێنانیان دەدەین، وتیشی: هیوادارین لەداهاتوودا لە ڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستییەوە خزمەتی زیاتری بواری توێژینەوە لە کوردستان بکەین .
پاشان توێژەران لە شەش بابەتی جیاوازدا بە زمانی ئینگلیزی چەندین زانیار سودبەخش و ڕێنماییان لەسەر شێوازی گەڵاڵەکردنی بیرۆکە بۆ نوسین و ئەنجامدانی توێژینەوە و چۆنیەتی نوسینی توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی لە گۆڤارە زانستییەکان و ناسینەوەی گۆڤاری ساختە پێشکەشی ئامادەبووان کرد.
لە کۆتایی وێرکشۆپەکەدا ئامادەبوووان پرسیار و سەرنجەکانیان لەسەر بابەتەکان ئاراستەی توێژەران کرد و ئەوانیش وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە، دواتر سوپاسی سەرۆکایەتی زانکۆی پێشکەشی توێژەران کرا .