شاندێکی زانکۆی ڕاپەڕین سەردانی چەند زانکۆیەکی وڵاتی ئێران دەکات

چاپکردن

ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی ۳ی ئەیلولی ۲۰۱۷، شاندێکی زانکۆی ڕاپەڕین سەردانی چەند زانکۆیەکی وڵاتی ئێرانی کرد.
شاندەکەی زانکۆ پێکهاتبوو لە بەڕیزان د.صباح ڕەشید یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، د.محمد صابر نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا، ڕاگری کۆلێژەکانی پەروەردە و پەروەدەی بنەڕەت، بەڕێوەبەری پەیوەندیەکان، سەرۆکی بەشەکانی باخداری و سامانی ئاژەڵ و لێپرسراوی هۆبەی خوێندنی باڵا.

 

شاندەکە ڕۆژی دوو شەممە لەگەڵ ستافی زانکۆی کوردستان لە سنە کۆبوونەوە و چەند تەوەرێکیان باس کرد، گرنگترینیان پڕۆژەی خوێندنی هاوبەش لە نێوان هەردوو زانکۆ بۆ بەشەکانی سامانی ئاژەڵ و باخداری، وابڕیارە پڕۆژەکە لەمساڵی خوێندنی ئەکادیمییەوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و گرنگیەکی ئێجگار زۆری هەیە بۆ زانکۆی ڕاپەڕین، چونکە یەکەم جارە خوێندنی هاوبەش لەگەڵ زانکۆکانی دەرەوە ئەنجام بدرێت.
تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە تاوتوێکردنی چۆنیەتی ئاسانکاری زیاتر بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەشتنی نێوان هەردوو زانکۆ لە زانکۆی سنە خوێندنی باڵا ماستەر/دکتۆرا بخوێنن. ‌
هەر لە شاری (سنە) شاندەکە سەردانی (پارکی علم و فناوری)یان کرد، کە ناوەندێکی گرنگە بۆ کۆمەک کردنی هەموو ئەو کەسانەی بیرۆکەیەکی داهێنەرانەیان هەیە تاوەکو بیرۆکەکانیان پراکتیزە بکەن، بەرپرسانی ناوەندکە ئامادەییان نیشانداوە لە چەند مانگی داهاتوودا وێرکشۆپێک بۆ خوێندکاران و مامۆستیانی زانکۆی ڕاپەڕین ئەنجام بدەن بە مەبەستی هاوکاری کردنیان لە بەرەوپێشبردنی بیرۆکەکانیان.
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا، ڕۆژی سێ شەممە شاندی زانکۆی ڕاپەڕین لەگەڵ زانکۆی (بو علی سینا) لە شاری هەمدان کە یەکێکە لە باشترین زانکۆکانی ئیران کۆبوونەوە، لەو دانیشتنەدا باس لە چۆنێتی ئەنجامدانی خوێندنی هاوبەش کرا، لە ئاستەکانی بەکالۆریۆس و ماستەر، هەروەها باسیان لە ئەنجامدانی کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی هاوبەش کرد بە شێوەیەک کە هەر ساڵێک لە یەکێک لە زانکۆکان ئەنجام بدرێت.
شاندەکەی زانکۆی ڕاپەڕین ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ زانکۆی (تەربیەت مودەڕیس) لە شاری تاران کۆبوونەوە، ئەم زانکۆیە کۆنترین زانکۆی وڵاتی ئێرانە، کە تەنیا بۆ پڕۆگرامی خوێندنی باڵا دامەزراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاست بەرزەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. لە کۆبووەنەوەکەدا تاوتوێی پێشکەشکردنی خوێندنی هاوبەش کرا، بە تایبەت لەو بەشانەی کە زانکۆی ڕاپەڕین لە ئێستادا پڕۆگرامی خوێندنی ماستەر و دکتۆرای نیە، بەوەش زانکۆی ڕاپەڕین دەتوانێت زیاتر پەرە بەبواری خوێندنی باڵا بدات، بەرپرسانی زانکۆکە ئامادەیی تەواویان نیشاندا لە هاوکاری کردنی زانکۆی ڕاپەڕین لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی مامۆستایان لە گۆڤارەکانیان کە لە ئاستێکی بەرزدان، شاندی زانکۆی ڕاپەڕین داوایان کرد زانکۆی تەربیەت مودەڕیس خولی هاوینە بۆ خوێندکارانی زانکۆی ڕاپەڕین بکاتەوە لەو بەشانەی خوێندکاران پێویستە بەشداری خولی هاوینە بکەن.