وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا لە ئەمڕۆوە (زانکۆلاین) بۆ دەرچوانی خولی یەکەمی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی کارا بکرێت.
لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕیکەوتی (٢٠١٧/٩/٦) لە کۆبونەوەی لێژنەی باڵای وەرگرتن، کە بەسەرپەرشتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچو، تێیدا بڕیاردرا لە سەعات (٥)ی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکەوتی (٢٠١٧/٩/٦) وێبسایتی زانکۆلاین بەناونیشانی (www.regayzanko.com) بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ واتە تا سەعات (١٢)ی شەوی ڕێکەوتی (٢٠١٧/٩/١٤) بۆ دەرچوانی خولی یەکەمی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی کارا بکرێ.
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچوانی ١٢ی ئامادەیی ئاگادار دەکات، بۆ بەدەستهێنانی ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) دەتوانن لە کاتی کارابونی (زانکۆلاین) بەکۆدی تاقیکردنەوەکانی قۆناخی دوانزەی ئامادەیی بچنە ناو سیتسمی زانکۆلاین، دواتریش ژمارەی تەلەفۆنی خۆیان تۆمار بکەن و، پاشانیش لەڕێگەی کورتە نامەیەکەوە ناوی بەکارهێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)یان بەدەست دەگات و، دواتر دەتوانن بچنە ناو سیستمی زانکۆلاین بۆ هەڵبژاردنی بەش و کۆلێژ و پەیمانگە لە زانکۆکان.
عەباس ئەکرەم وتیشی، لە کۆبونەوەکەدا جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزارەت کراوەتەوە، بەشێوەیەک لە ئێستادا تەنها دەرچوانی خولی یەکەم دەتوانن لە ڕێگەی (زانکۆلاین) داوا پێشکەش بکەن و، لە کاتێکی دیکەدا (زانکۆلاین) بۆ دەرچوانی خولی دوەم کارا دەکرێتەوە، ڕونیشکردەوە دەرچوانی ساڵی پار خولی یەکەم و دووەم ئەوانەی کە ناویان لە هیچ بەش و کۆلێژێک نەگەڕاوەتەوە بەهەمان شێوە دەتوانن لەو ماوەیەدا واتە تا سەعات (١٢)ی شەوی ڕێکەوتی (٢٠١٧/٩/١٤) دەتوانن لە ڕێگەی (زانکۆلاین) داواکاری پێشکەش بکەن.
عەباس ئەکرەم لە لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند: کۆمەڵەی پزیشکی، ئەندازیاری،بەشی یاسا، بەشەکانی زیندەوەرزانی و کیمیا و کۆمپیوتەر لە کۆلێژەکانی زانست، بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژ و سکوڵەکانی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئەدەبیات لە ڕێگەی (زانکۆلاین) خوێندکاران دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، هەروەک دەرچوانیش سەرپشککراون کە داواکاری بۆ چەند شوێن پێشکەش بکەن.
بۆ ئەو دەرچوانەی کە کارتی نیشتیمانیان دەرکردوەو، ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامەییان لێ وەرگیراوەتەوە، لەکاتی پرکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردن لە(زانکۆلاین) و، لە هەر شوێنێک داوای ژمارەی ڕەگەزنامەو ناسنامەی باری شارستانی، ئەوا دەتوانن ژمارەی کارتی نیشتیمانیان بنوسن تا کارەکانیان بەتەواوەتی بۆ ڕایبکرێ.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا