د.یوسف گۆران: تا ئێستا ڕێژەى (٤۰٪) کاندیدانى ماستەر توانیوانە نمرەى ئاستى پێویستى زمانى ئینگلیزى بەدەستبهێنن

چاپکردن

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: بەپێى دواین ئامار لە نیوەى یەکەمى ساڵى (٢٠١٧) ڕێژەى (٤٠٪) کاندیدەکانى ماستەر توانیوانە نمرەى ئاستى پێویستى زمان بەدەستبهێنن، هەروەک پێشبینى دەکەین لە نیوەى دووەمى ساڵى (٢٠١٧) ڕێژەکە زۆر زیاتر بەرز بێتەوە.

ئەو ڕاگەیاندنەى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ دو شەممە ڕێکەوتى (٣١/٧/٢٠١٧) لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێکیدا هات، کە تایبەت بوو بەکۆتاییهێنان بەیەکەم خولى پەرەپێدانى تواناى زمانى ئینگلیزى.

لەو مەراسیمەدا، کە بەئامادەبوونى ڕاوێژکاران و سەرۆکى ژمارەیەک لە زانکۆکان و بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەکان و بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتییەکان و سەرپەرشتیارى سێنتەرى ئەمدیست بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا دواى پیرۆزباییکردن لە بەشداربوانى خولەکە، هیواى خواست بەسود وەرگرتن لە ئەزمونى خولەکە بەشداربوان پەرە بەتوانا ئەکادیمى و کارگێڕییەکانى خۆیان بدەن، هەر لە وتەکەیدا ئەم هەنگاوەى وەزارەتی خوێندنی باڵا لە چوارچێوەى بەرنامەکانیان بۆ گرنگیدان بەزمانى ئینگلیزى وەک زمانى دووەم و زمانى گەیشتن بەسەرچاوە زانستییە نوێیەکان لە هەموو بوار و پسپۆڕییەکان، وتیشى بۆ ئەوەى بتوانین لەگەڵ گەشەکردنى بەردەوامى زانست بڕۆین و دەستمان بەسەرچاوە زانستییە ڕەسەنەکان لە بوارە جیا جیاکان بگات پێویستمان بەوەیە نەوەى نوێى مامۆستایان و توێژەرانى زانکۆکانى کوردستان بەباشى زمانى دووەم بزانن، بەتایبەت زمانى ئینگلیزى.

هەر لە وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: لە ئێستادا وەزارەت پرۆژەى گەیشتن بەسەرچاوە زانستییە ئاست بەرزەکانى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە، ئەوەش لە ڕێگەى ئیمزاکردنى گرێبەستى ئەو پرۆژەیە لەگەڵ دامەزراوەى (EBSCO)ى جیهانى، بەوەش لەمەودوا توێژەرەکانمان دەتوانن بەشێوەیەکى یاسایى دەستیان بەباشترین توێژینەوە و بڵاوکراوەکانى دونیا بگات، کە لە گۆڤارە ئاستبەرزەکاندا بڵاودەکرێنەوە، وتیشى ئێمە کاتێک دەتوانین بەشێوەیەکى دروست سود لەو سەرچاوانە وەربگرین ئەگەر مامۆستایانمان توانیان پەرە بەئاستى توانستى زمانى ئینگلیزیان بدەن، بەو هۆیەشەوە دەتوانن بەشدارى ڕەسەن لە بەرهەمهێنانى مەعریفە بکەن، د.یوسف گۆران جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گرنگیدان بە پەرەپێدانى زمانى ئینگلیزى بەردەوام دەبێت بەتایبەت لە چوارچێوەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا وەک مەرجى پێشوەختى دەستپێکرددنى خوێندنى ئەکادیمى.

وتیشی: جێگەى خۆشحاڵیە کە بەپێى دواین ئامار لە خوێندنى باڵا تا ئێستا نزیکەى ڕێژەى (٤٠٪) ى کاندیدەکانى ماستەر و ڕێژەى (٢٧٪) کاندیدەکانى دکتۆرا توانیویانە ئاستى دیاریکراو لە تاقیکردنەوە ستانداردەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى بەدەست بهێنن، ئەوەش ئەنجامێکى دلخۆشکەر و ئێمە شانازى دەکەین کە لە ماوەى ڕابردودا دەرفەتى گەشەپێدانى زمانى ئینگلیزى بڕخسێنین.

لە کۆتایى وتارەکەشیدا، پێرۆزباى لە دەرچوان کرد و، بەڵێنیشیدا بەردەوامى بەو جۆرە خولانە بدەن لە پێناو بەرزکردنەوەى ئاستى زمانى ئینگلیزى فەرمانبەران.

لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، کریس سەرپەرشتیارى سێنتەرى ئیمەدیست-ى ئەمریکى لە کوردستان باسى لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى خولەکەى کرد و، دڵخۆشى خۆى دەربڕى کە توانیان بەسەرکەوتوى خولە بەڕێوەبەرن، هەروەک سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە هەماهەنگى بەردەوامیان بون لە پێناو سەرخستنى خولەکە.

پاشان دیار میرزا یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى بەناوى بەشداربوانى خولەکە، سوپاسى د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د.ئامانج سەعد ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و د.خەتاب شێخانى بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى و سەرجەم بەڕێوەبەرەکانى دیوانى وەزارەتى کرد بۆ کردنەوە و، سەرەپرشتیکردن و ڕێکخستنى خولى پەرەپێدانى تواناى زمانى ئینگلیزى، هەروەک سوپاسى مامۆستایان و سەرپەرشتیارانى سێنتەرى ئەمدیستى کرد، کە لەماوى ڕابردودا بەشێوەیەکى تیورى و پراکتیکى بەشداربوانى خولەکەیان فێرى بنەماکانى زمانى ئینگلیزى کرد، ڕوونیشیکردەوە کردنەوەى ئەو جۆرە خولانە سەربارى ئەوەى بۆ لایەنى پەرەپێدانى تواناى ئەکادیمى گرنگە، لەهەمان کاتدا بۆ لایەنى کارگێڕى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بەهاوڵاتیانیش سود بەخش دەبێت، بۆ ئەوەش داواى کرد کردنەوەى ئەو جۆرە خولانە بۆ فەرمانبەرانى وەزارەت بەردەوامى پێ بدرێت.

دواتر د.ئامانج سەعید ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا بەگرنگیەوە باسى لە خولەکە کرد و وتییشی: تەواوکردنى ئەم خولە دەسکەوتێکى گەورەیە کە لە کوردستان بەدیهاتوە و، لەناوخۆى کوردستان دەتوانرێ ئاستى زمان بەرز بکرێتەوە.

لە چەند مانگى ڕابردودا بۆ بەرزکردنەوەی توانای فەرمانبەران، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی خولێکی پەرەپێدانی توانای زمانی ئینگلیزی کردەوە.

خولەکە لەلایەن ژمارەیەک لە مامۆستا و پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی لە ڕێکخراوی (ئەمدیست) دەوترانەوە، لە چوارچێوەی خولەکە و لە میانەی پێشکەشکردنی بابەت و لایەنەکانی زمان، فەرمانبەرانی وەزارەت فێری زمانی ئینگلیزی کران.

لە بەشى کۆتایى مەراسیمەکەشدا بڕوانامەى بەشداربون لەلایەن د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنی باڵا و لێپراسراوانى ئامادەبوو بەسەر یەکە یەکەى بەشداربواندا دابەش کرا.

کردنەوەی ئەم خولە بۆ پەرەپێدانی توانای فەرمانبەران، بەشێکە لە پلانی ستراتیژی وەزارەت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزایی و توانای فەرمانبەران بۆ تێکەڵبون و ئاشنابون بەکەلتور و ئەزمونی وڵاتانی پێشکەوتو.