زانکۆی ڕاپەڕین و دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنیان ئیمزاكرا

چاپکردن

زانكۆی راپەڕین و دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی ‌و توێژینەوەی زانستی‌، لە ڕێگەی ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن-ەوە كار بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان ‌و برەودان بە پڕۆژەی هاوبەشی زانستی دەكەن، ئەم هەنگاوەش دوای بانگهێشتی "د.یوسف گۆران" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دێت كە داوای لەزانكۆ و ناوەندەزانستییەكان كرد، لەپێناوی گەشەپێدانی بواری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییدا، هەماهەنگی بكەن‌ و پەیوەندییەكانی نێوانیان پەرەپێبدەن‌ و كاری هاوبەش ئەنجام بدەن.

ڕێکەوتی ٢٠١٧/٧/٤، لەڕێوڕەسمێكدا لە شاری سلێمانی، لەلایەن "پ.د. پۆڵا ئازاد خانەقا" سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی ‌و توێژینەوەی زانستی، "پ.ی.د. موفەق خالید ابراهیم" سەرۆكی زانكۆی راپەڕین یاداشتنامەكە ئیمزاكرا.

گەشەپێدانی بواری زانست ‌و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی

لەڕێوڕەسمەكەدا كە ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین‌ و ژمارەیەك لەبەڕێوەبەرەگشتییەكان ‌و مامۆستایانی دەستەی كوردستانی ئامادەییبوون . سەرۆكی دەستەی كوردستانی ئەم هەنگاوەی بە هەنگاوێكی پێویست‌ و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان زانكۆ و ناوەندەزانستییەكانی بە گرنگ ناوبرد، لەپێناوی گەشەپێدانی بواری زانست‌ و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەهەرێمی كوردستاندا، هەروەک هیوای خواست "ئەم هەنگاوەی نێوان دەستەی كوردستانی ‌و زانكۆی راپەڕین سەرەتایەكی باش بێت بۆ ئەوەی لەداهاتوودا هەردوولا بتوانن زۆرترین پڕۆژەی زانستی ‌و توێژینەوەی زانستی ئاست بەرز پێكەوە ئەنجام بدەن"، وتیشی: دەستەی كوردستانی پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ ۸۸ زانكۆ و ناوەند و دەزگای زانستی لەئاستی جیهاندا هەیە، ۱۷ تاقیگەی پێشكەوتوو لەدەستە هەیە، تائێستاش نزیكەی ۲۰۰ خوێندكاری ماستەر و دكتۆرا لەهەموو ناوچەكانی كوردستانەوە، تاقیكردنەوەی كارەكانیان بەسەرپەرشتی پسپۆڕەكانی دەستەو لەتاقیگەكانی دەستە تەواو كردووە.
دواتر سەرۆكی زانكۆی راپەڕین باسی لەوردەکاری ناوەڕۆكی یاداشتنامەكە كرد وتیشی: خۆشحاڵین بە ئیمزاكردنی ئەم یاداشتنامەیە لەگەڵ سەنتەرێكی ئەكادیمی ئاست بەرزی وەكو دەستەی كوردستانی‌و هیوادارین لەداهاتوودا بتوانین پێكەوە خزمەتی زیاتر پێشكەش بكەین.
پاشان ئامادەبووان گفتوگۆیەكی هەمەلایەنەیان كرد لەبارەی ناوەڕۆكی یاداشتنامەكەو چەند پڕۆژەیەكی هاوبەشی زانستییەوە، ستافی زانكۆی راپەڕینیش تاقیگەكانی دەستەی کوردستانیان بەسەركردەوە.

گرنگیی ئەم هەنگاوە زانستییە

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر "موفەق خالید ابراهیم" سەرۆكی زانكۆی راپەڕین گرنگی ئەم هەنگاوە زانستییەی نێوان هەردوولای روونكردەوە و ڕایگەیاند: دوای چەند گفتوگۆیەكی نێوان هەردوولا، ئەم هەنگاوەمان بە گرنگ‌ و پێویست زانی، چونكە لە هەردوولا كۆمەڵێك توانا هەیە، ئەگەر ئەم توانایانە كۆبكەینەوە دەتوانین هەنگاوی باش بنێین لەبواری توێژینەوەی زانستی‌ و وانە وتنەوەی ئاست بەرزدا، وتیشی: لە ئەنجومەنی زانكۆی راپەڕین ئەم بابەتەمان تاوتوێكردو بەخۆشحاڵییەوە ئەنجومەن رەزامەند بوو بەوەی وەكو دوو دەزگای هاوبەش لەبواری زانستییدا پێكەوە كاربكەین، راشیگەیاند: بەپێی یاداشتنامەكە دەتوانین ئاڵوگۆڕی ستاف بكەین و چەندین تاقیگەش بەهاوبەشی لەنێوان هەردوولا دابنرێت، ئەم هەنگاوەش لەئەنجامدا لەبەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندایە.

سەرۆكی زانكۆی راپەڕین پتەوكردنی پەیوەندی نێوان دەزگا و ناوەندەزانستییەكان بەگرنگ دەزانێت ‌و لەوبارەیەوە دەڵێت: پەیوەندیی لەگەڵ دەزگا و ناوەندەزانستییەكانی جیهاندا زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی بابەتی بەجیهانیبوونی زانكۆكان لەبازنەیەكی داخراودا نەوەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیی نێوان زانكۆ و دەزگا و ناوەندەزانستییەكانی هەرێمی كوردستانیش گرنگە، چونكە كۆمەڵێك توانا لەناو كوردستاندا هەیە، بەڵام رەنگە وەكو پێویست نەتوانرابێت پڕۆژەی هاوبەش پێكەوە بكەن، بۆیە هیوادارین ئەم یاداشتنامەیە هەنگاوی یەكەم بێت بۆ ئەوەی بتوانین كار باشتر لەگەڵ یەكتردا بكەین.
ئەم هەنگاوە هەلێكی باش دەڕەخسێنێت.

پاشان دكتۆر "بەهزاد وسو حەمەد" بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی زانستی لەزانكۆی راپەڕین ڕایگەیاند: ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان دەستەی كوردستانی‌ و زانكۆی راپەڕین بە هەنگاوێكی زۆر باش دەبینین ‌و هەلێكی باش دەڕەخسێنێت بۆ توێژەرانی زانكۆی راپەڕین بۆ ئەوەی بەهاوبەشی لەگەڵ مامۆستایان‌ و توێژەرانی دەستەی كوردستانی توێژینەوەكانیان ئەنجام بدەن، چونكە ئەم دەستەیە لەكوردستاندا تاكە سەنتەری توێژینەوەیە دەوڵەمەندە بە زۆربەی زۆری ئامێرەكان كە دەتوانم بڵێم لەكوردستان‌ و لەعیراقیشدا لەوانەیە هەندێكیان نەبێت، بۆیە پێموایە بەم هەنگاوە توێژەرانی ئێمە پێویستیان بە دەرەوە نابێت بۆ شیكردنەوەی داتاكان. وتیشی: هەر بەپێی ئەم یاداشتنامەیە لەوانەیە دەرفەت بڕەخسێنرێت بۆ كردنەوەی خوێندنی باڵا لەنێوان هەردوولا لەداهاتوودا، دیارە ئەم دەستەیە پێشتر لەبواری ماستەر و دكتۆرادا هاوكاریی باشی زانكۆكانی دیكەی كردووە، راشیگەیاند: كردنەوەی بەشی زانستی لەداهاتوودا لەزانكۆی راپەڕین بەهاوبەشی دەستەی كوردستانی، یەكێكی دیكەیە لەئامانجەكانی یاداشتنامەكە، هەروەها برەو بەچالاكییە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا دەدەین لە سیمینار و وۆركشۆپ و كۆنفرانسی زانستی.

شایانی باسە هەر بەپێی یاداشتنامەكە، لەتاقیگەكانی دەستەی کوردستانی خولی راهێنان دەكرێتەوە لەبوارەكانی بایۆلۆجی ‌و كیمیا و ئۆپتیك‌ و چەند بوارێكی دیكە، راهێنانی نێودەوڵەتیی هاوبەش، هەروەها هەڵسەنگاندنی زانستی بۆ ئەو توێژینەوانە دەكرێت كە لەزانكۆی راپەڕین دەكرێن.