یەکەمین کۆڕبەندی زانستی پزیشکی لە زانکۆی ڕاپەڕین ئەنجامدرا

چاپکردن

ئەمڕۆ سێ شەممە ۱٦ی ئایاری ۲۰۱۷، سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی ڕاپەڕین بەهاوبەشی سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی هەولێری پزیشکی، کۆڕبەندی زانستی پزیشکی بەناونیشانی (ڕۆڵی DNA لە پزیشکی دادوەریدا) ڕێکخست.

کۆڕبەندەکە کاتژمێر ۱۰ی سەرلەبەیانی، بە ئامادەبوونی (د. موفق خالد) سەرۆکی زانکۆ و (د. هێرش رسول) یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و ژمارەیەک لە مامۆستا و خوێندکارانی بەشی یاسا و بایەلۆجی ، لەگەڵ سرودی نیشتیمانی و وەستانی وەفاداری بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستیپێکرد.

دواتر (د. بەهزاد وسو) بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی ڕاپەڕین وتەیەکی پێشکەشکرد، ویڕای بەخێڕهاتنی ستافی زانکۆی هەولێری پزیشکی و میوانانی کۆڕبەندەکە، باسی لە بەکارهێنانەکانی DNA لە بواری پزیشکی دادوەریدا کرد، هەروەک ئاماژەی بە بەکارهێنانی DNA کرد لە دیاریکردن و ناسینەوەی تاوانباران لە کەیسەکانی وەک کوشتن و دزیکردن و دەستدرێژی سێکسی و کێشەکانی ساغکردنەوەی باوکایەتی و دۆزینەوەی وون بووان دوای ماوەیەکی زۆر، هەروەها دیاریکردنی پێشوەختەی نەخۆشییە سکماکییەکان و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێن بەرەکان و شێرپەنجە، هەروەک بایەخی کاری DNA بۆ زانایانی شوێنەوارناس بۆ زانینی قۆناغەکانی بەرەوپێشچوونی ژیان لە سەدەکانی ڕابردوودا و ڕوونکردەوە.

د. بەهزاد سەبارەت بە ئامانجی ڕێکخستنی کۆڕبەندەکە وتی بۆ زیاتر ئاشناکردنی خوێندکارانی بەشی یاسا و بایەلۆجییە بە بەکار‌هێنانەکانی DNA لە بواری پزیشکی دادوەریدا.

لە كۆڕبەندەکەدا چەند تەوەر و بابەتێک بە باونیشانی جیاواز لەلایەن توێژەرانەوە پێشکەشکران :
د. بەهزاد وسو حمد/ بەڕێوەبەری کۆڕبەند

م.ی. سالار علی شریف/ زانکۆی ڕاپەڕین
بابەتێکی دەربارەی ( An Introduction to DNA Fingerprinting ) پێشکەشکرد.

(پ.ی.د. یاسین کریم ئەمین) بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە و (د. گەیلان حیکمەت عبداللە) سەرۆکی بەشی تاقیگەکانی سەنتەری توێژینەوە لە زانکۆی هەولێری پزیشکی
بابەتێکیان دەربارەی ( DNA forensic identification ) پێشکەشکرد .

حسێن احمد پیرۆت/ دادوەری داواکاری گشتی دادگای ڕانیە و مامۆستا لە زانکۆی ڕاپەڕین
بابەتێکی دەربارەی ( الدلیل المستمد من الفحص المختبری للبصمە الوراثیه للانسان ) پێشکەشکرد.

لە کۆتاییدا ئامادەبووان سەرنج و پرسیارەکانیان ئاراستەی توێژەران کرد و کۆتایی بە کۆڕبەندەکە هات.