سیمپۆزیۆمێک دەربارەی ململانێ و پێکەوە ژیانی ئایین و ئاینزاکان لە کوردستان بەڕێوەچوو

چاپکردن

ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی ئایاری ٢٠١٧، لە ھۆڵی چالاکییەکانی زانکۆ، بەشی مێژوو لە زانکۆی راپەڕین یەکەمین سیمپۆزیۆمی زانستی خۆی بە ناونیشانی (ئایین و ئاینزاکانی کوردستان، لەنێوان ململانێ و پێکەوە ژیاندا) رێکخست.

لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەکەدا (د. دارا تۆفیق کاکەمین) سەرۆکی لیژنەی باڵای سیمپۆزیۆم وتەیەکی پێشکەشکرد، وێڕای بەخێر هاتنی میوانەکان، تەوەر و ئامانجەکانی پشت ڕێکخستنی سیمپۆزیۆمەکەی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە.

دواتر (د. مۆفق خالید) سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین لە وتەیەکدا چالاکیەکەی بەشی مێژووی بە گرنگ وەسف کرد، کورتەباسێکی دەربارەی و پێکەوە ژیانی ئایین و ئاینزاکان لە کوردستان پێشکەشی ئامادەبووان کرد، وتیشی: نکۆڵی لەوە ناکرێ کە لە دێرزەمانەوە کوردستان نموونەیەکی جوانی پێکەوە ژیانبووە لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە، هەروەک ئازادی پەیڕەوانی ئاینە جیاوازەکان لە گشت بوارەکانی ژیان بۆ گشت تاکێك ڕەخساوە .

پاشان پانێڵەکانی سیمپۆزیۆم دەستیپێکرد، توێژەرەکان توێژینەوەکانیان پێشکەش کرد، لە دوو پانێڵی سیمپۆزیۆمەکەدا (٨) توێژینەوەی زانستی لەلایەن شارەزایانی بواری مێژوو، لەسەر پێکەوە ژیانی ئایینی لە کوردستاندا پێشکەشی ئامادەبووان کران .

هەروەک سیمپۆزیۆمەکە پێنج تەوەری سەرەکی لەخۆگرتبوو ئەوانیش ( پێکەوە ژیان و بەریەککەوتنی ئایینەکان لە مێژووی کوردستاندا، ململانێی شیعە و سونە لە عێڕاقدا کاریگەری لەسەر کوردستان، کاریگەری کەلتور-جوگرافیا-مێژوو لەسەر ئایین و ئایینزاکان لە کوردستان، ململانێی عەلمانی و ڕەوتی ئایینی لە مێژووی کوردستاندا، ڕۆڵی ئایین و ئایینزا نا ئیسلامییەکان لە ڕاپەڕین و شۆڕشەکانی کورد) دا.

ئامانج لە ڕێکخستنی ئەم سیمپۆزیۆمە، بۆ خستنەڕووی سود و لایەنە ئەرێنیەکانی پێکەوە ژیانی ئاینەکان لە کوردستان، تیشکخستنەسەر لایەنە نەرێنییەکانی پێدادانی ئاین و ئاینزاکان و کاریگەرییان لە دواخستنی خەباتی نەتەوەییدا، ڕۆڵی پێکەوە ژیانی ئایینەکان لە چەسپاندنی بنەماکانی هاوڵاتی بووندا، خستنەڕووی فەزای هاوبەشی کارکردنی عەلمانی و ئیسلامییەکان لە کوردستاندا.

تەوەر و پانێڵەکانی سیمپۆزیۆم :

پانێڵی یەکەم
م. بەختیار عبداللە کریم/ بەڕێوەبەری پانێل
تەوەری یەکەم (تێگەیشتنی کوردانە بۆ ئیسلام خوێندنەوەیەکی مێژوویی نەبینراو) لەلایەن (پ.ی.د. حیدر لشکری خچر) پێشکەشکرا.
تەوەری دووەم (کاریگەریی جیاوازی ئایین لەسەر پەیوەندی کوردو ئەرمەن لەسەردەمی نوێدا) لەلایەن (پ.ی.د. هۆگر تاهیر تۆفیق ) پێشکەشکرا.
تەوەری سێیەم (هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ پێکەوە ژیانی ئایینی لە کوردستان) لەلایەن (پ.ی. کابان عبدالکریم) پێشکەشکرا.
تەوەری چوارەم (مێژووی عەلمانیەت و کاریگەری لەسەر ڕەوتی سیاسی کورد) لەلایەن (د. هیوا مینە محمود) پێشکەشکرا.

پانێڵی دووەم
د. عیماد عبدالقادر/ بەڕێوەبەری پانێڵ
تەوەری یەکەم (پەیوەندی نێوان شوناسی کوردبوون و پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان لە کوردستاندا) لەلایەن (ناسک سعید) پێشکەشکرا.
تەوەری دووەم (پاڵنەری ئایینی لە پەلامارە سەربازییەکانی سەر کوردستان لە سەردەمی ئاشوری نوێدا ٩١١-٦١٢ پ.ز) لەلایەن (د. عزیز محمدامین زێباری) پێشکەشکرا.
تەوەری سێیەم (شوێنەوارناسی وەک چەکێک بۆ پێکدادانی ئایینزاکان، شوێنەوارناسی وەک زانستێک بۆ تێگەیشتن لە ئایینەکان) لەلایەن (د. دڵشاد عزیز مارف ) پێشکەشکرا.
تەوەری چوارەم (ململانێی شیعە و سونە لە عێڕاقدا کاریگەری لەسەر کوردستان) لەلایەن (د. حلمی رسول رەزا) پێشکەشکرا.

ڕاسپاردەکانی سیمپۆزیۆمی (ئایین و ئاینزاکانی کوردستان، لەنێوان ململانێ و پێکەوە ژیاندا)