راگەیاندنی زانكۆ
ئەمڕۆ شەممە ٢٠١٦/٥/٦، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ بەشی باخچەی ساوایان لەکۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە زانکۆی راپەڕین، بە خستنەڕووی بەرهەمی كاردەستی خوێندكاران و ئەنجامدانی (٣) سیمینارو چەند چالاكییەک، سێیەمین فێستیڤاڵی بەشی باخچەی ساوایان بەڕێوەچوو.
فێستیڤاڵەكە بەئامادەبوونی (د. موفق خالید) سەرۆكی زانكۆ و (د. احمد محمود) راگری كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی زانكۆ، بە نمایشکردنی بەرهەمی كاردەستی خوێندكاران دەستی بەكارەكانی كرد.
دواتر كارێكی ئنستلەیشن نمایشكرا، هەروەها نمایشی كاردەستی ڕستن و چنین پێشكەش بەئامادەبووان كرا، دواتریش ئۆپەرێتی منداڵانی باخچەی ساوایانی شایی بەسەرپەرشتی مامۆستا (رێباز محمود و روانگە نیازی و ناز عبداللە) نمایشكرا.
لە وتەیەکدا "د.ئەحمەد مەحمود" ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت، سوپاسی مامۆستایان و خوێندکارانی بەشی باخچەی ساوایانی کرد بۆ سازدانی فێستیڤاڵەکە، هەروەک سوپاسی هاوکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و باخچەکانی ساوایانی کرد لەپای هاوکاری و هەماهەنگیان لەگەڵ زانکۆدا.
دواتریش (د. موفق خالید) سەرۆكی زانكۆ لە وتەیەکدا باسی لە گرنگی ئەنجامدانی فێستیڤاڵ و چالاکییە زانستییەکان لە ناو زانکۆدا کرد، هەروەک دەستخۆشی لەخوێندكارانی باخچەی ساوایان و رێكخەرانی فێستیڤاڵەكە كرد.
لەكۆتایی بەشی فێستیڤاڵەكەدا (٣) سێمینار پێشكەش كران:
سیمیناری یەكەم لەلایەن (م.ی. نازەنین عوسمان محمد) بەناونیشانی (پەرەپێدانی توانای داهێنان لای منداڵی باخچەی ساوایان) پێشكەشكرا.
سیمیناری دووەم لەلایەن ( م.ی. ئاڤان عبداللە حسن) بەناونیشانی ( یارییە پەروەردەییەكانی پڕۆگرامی ماریا مۆنتسۆری) پێشكەشكرا.
هەروەك كۆتا سیمیناریش لەلایەن ( م.ی. نیاز محمد فتاح) بەناونیشانی ( رۆڵی باخچەی ساوایان لەدروستكردنی ئاكار لەكۆمەڵگەدا) پێشكەشكرا.
دواتریش گفتوگۆی ئامادەبووان دەبارەی سیمینارەکان بەڕێوەچوو و وەڵامی پرسیاری ئامادەبووان درایەوە لەلایەن پێشەشکارانی سیمینارەکانەوە.
وتاری كۆتایی فێستیڤاڵیش لەلایەن (م.ی. رابەر ابراهیم میران) سەرۆكی باخچەی ساوایان پێشكەشكرا كە تیایدا دەستخۆشی لەخوێندكاران و مامۆستایانی بەشەكەی كرد بۆ ئەنجامدانی چالاكی هاوشێوە.
فێستیڤاڵەكە لەلایەن هەریەك لە مامۆستای یاریدەدەر رابەر ابراهیم سەرۆكی بەشی باخچەی ساوایان و بەڕێز خەلیل عەلی مامۆستای وانەبێژ لەبەشی باخچەی ساوایان رێكخرابوو.