ئەمڕۆ سێ شەممە ٢ی ئایاری ٢٠١٧، لە بیانی کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت لە زانکۆی ڕاپەڕین، بەشی زانستی کۆمپیوتەر یەکەمیین فێستیڤاڵی زانستی ساڵانەی خۆی بە دروشمی "زانستی ئەمڕۆ تەکنەلۆژیایە بۆ سبەی" بە سپۆنسەری (کارداتێک) سازکرد، کە تیایدا خوێندکارانی بەشەکە پرۆژە و کارە پراکتیکییەکانی خۆیان نمایشکرد.
لە فیستیڤاڵەکەدا بەڕێز "د. مۆفەق خالید" سەرۆکی زانکۆ و، (د. احمد محمود) راگری کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەت و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و خوێندکاران و زانستخوازانی دەرەوەی زانکۆ ئامادەبوون.
فێستیڤاڵەکە بە نمایشکردنی کارە پراکتیکییەکانی خوێندکارن دەستیپێکرد، کە تیادا زیاتر لە ٣٠ پڕۆژەی ناوازە بە شێوەی پراکتیکی تاقیکرانەوە، گشت پڕۆژەکانی خوێندکاران بوونە جێی سەرنجی ئامادەبووان، هەروەک خوێندکارانی خاوەن پڕۆژە ئاماژەیان بۆە ئەوەکرد، ئەگەر لە ئایندەدە پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی بکرێن، دەتوانن پڕۆژەکانیان زیاتر بەرەوپێش ببەن، بۆ ئەوەی لە کاتی گونجاودا سود لە پڕۆژەکانیان وەربگیرێت .
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆیی بواری ئامێرە هۆشمەندەکان بەرهەمەکانیان نمایشکرد، بەشێک لە بەرهەمەکانیان سەرنجی ئامادەبووانی بۆ لایخۆی ڕاکێشا.