سێیەمین کۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی لە زانکۆی راپەڕین کۆتایی بە کارەکانی هێنا

چاپکردن

دوای ئەوەی ڕێکەوتی (٢٠١٧/٤/٢٤) بەچاودێری و ئامادەبوونی "د. یوسف گۆران" وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، "محمود حاجی ساڵح" وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و، "د. موفق خالد" سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین و، ژمارەیەکی زۆر لە توێژەران و مامۆستایان و خوێندکاران، لە کۆلێژی پەروەردە لە زانکۆی ڕاپەڕین سێیەمین کونفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی "کاریگەری زمان و ئەدەب لەسەر بونیادی هزری و درێژەپێدانی زانستی" دەستپیێکرد. 

دەستپێکردنی کارەکانی ئەم کۆنفرانسە هاوکات بوو لەگەڵ (٤۳)هەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی بۆردومانی شار قەڵادزێ و ڕۆژی شەهیدی زانکۆ، لەماوەی سێ ڕۆژی کۆنفڕانسەکەدا لە حەوت پانێڵدا زیاتر لە (۱۱۰) توێژینەوەی زانستی لە بوارەکانی زمان و ئەدەبی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لەلایەن توێژەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە پێشکەشکران.

هەر لە کۆنفڕانسەکەدا توێژەرانی (٥) وڵاتی جیاواز (ئێران، میسر، مەغریب، سعودیە و جەزائیر) بەتوێژینەوەکانیان بەشدارییان کردبوو، لەناویاندا (١٠) توێژینەوە لەبوارەکانی ئەدەب و زمان بە زمانی ئینگلیزی و (٥٥) توێژینەوەش بەزمانی عەرەبی کە (٣١) توێژینەوە لەبواری ئەدەب و (٢٤) توێژینەوەش لەبواری زمان، ھەروەھا (٤٤) توێژینەوەش لەبوارەکانی زمان و ئەدەب بە زمانی کوردی کە (٢٤) توێژینەوە لەبواری ئەدەب و (٢٠) توێژینەوەش لەبواری زمان، لە سێ رۆژی کۆنفڕانسدا و، لە حەوت پانێڵدا، لە (٥) ھۆڵی جیاواز لە کۆلێژی پەروەردە/قەڵادزێ لە زانکۆی راپەڕین پێشکەشکران.

ڕۆژی ٢٦ی نیسان، سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆنفرانس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کۆتایی کارەکانی کۆنفرانسەکەی بەخستنەڕووی چەند راسپاردەیەک ڕاگەیاند، لەداھاتوویەکی نزیکدا سەرجەم راسپاردەکان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن، کە بنەمایەکی زانستی گرنگ دەبن بۆ بەرەوپێشبردن و گەشەپێدانی زانستی لە بوارەکانی زمان و ئەدەبدا .