پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکان دەستیپێکرد

چاپکردن

ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی خوازیارانی خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا ئاگادار دەکات، کە پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێم بۆ سیمستەری هاوینە بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧) سبەی دووشەممە ٢٠١٧/٤/٢٤ دەستپێدەكات.

عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: کە سیمستەری هاوینەی ماستەر و دكتۆرا بەهەمان ڕێنمایی ژمارە (٤) بۆ ماستەر بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧) و، ڕێنمایی ژمارە (٥) بۆ دکتۆرا بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧)ی سیمستەری زستانە خوزاریارانی خوێندنی باڵا دەتوانن داوا پێشکەش بە زانکۆکان بکەن، هەروەک وتیشی ئەو کاندیدانەی کە لە سیمستەری زستانە ناویان دەرچوەو ئێستا مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزیان بەدەستهێناوە دەتوانن لەگەڵ دەرچوانی سیمستەری هاوینە دەست بەپڕۆسەی خوێندنی ئەکادیمی خۆیان بکەن.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا وتیشی: وەزارەتی خوێندنی باڵا بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکان حکومییەکان، ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ پێشوازیکردن لە خوازیاران بە مەبەستی بەسەرکەوتویی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسە زانستی و ئەکادیمییە، بۆیە ئاگاداری خوازیاران دەکەین ماوەی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکانی هەرێم لە ڕۆژی دوشەممه ڕێكەوتی(٢٤/٤/٢٠١٧ دەستپێدەکات تا ڕێكەوتی ٤/٥/٢٠١٧) بەردەوام دەبێت.

وتیشی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ سەرجەم خوازیارانی خوێندنی ماستەر لە گشت زانکۆکان: لە سەعات(١٠)ی بەیانی، ڕێكەوتی (١٤/٥/٢٠١٧) دەبێت و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی بۆ سەرجەم خوێندنی دكتۆرا لە گشت زانکۆکان: لە سەعات (١٠)ی بەیانی، ڕێكەوتی (١٥/٥/٢٠١٧) دەبێت.