لە زانکۆی ڕاپەڕین سیمپۆزیۆمێک بۆ یادی ١١٩ هەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەری کوردی سازکرا

چاپکردن

ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی نیسان، بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی زانکۆی ڕاپەڕین لە ١١٩ هەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، سیمپۆزیۆمێکی بە ناونیشانی ( ڕاگەیاندنی کوردی..ئاستی ئێستا و ئاسۆی ئایندەی) سازکرد.

سەرەتا بەڕێز دکتۆر (موفق خالید) سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین وتەیەکی پێشکەشکرد، تیایدا هەلومەرجی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان بۆ ئامادەبووان باسکرد، هەروەک تیشکی خستەسەر کایەی کارکردن و ئاستەنگەکانی بەردەم ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، وتیشی دەخوازین ئەم یادە ببێتە سەرەتایەک بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا بەئاراستەیەکی باشتر و بەرپرسانە و پیشەییانە و پرۆفیشناڵانەتر بچێت.

دواتر چوار سیمینار لەلایەن شارەزایانی بواری ڕاگەیاندن هەریەک لە ( د.هێمن مجید ، د.هێرش رسول ، ئەنوەر حسێن ، محمد گەردی ) پێشکەشکران .

لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بەناوی کوردستان لە لایەن "میقداد مەدحەت بەدرخان" لەیەکێک لە ویلایەتەکانی سەربە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە قاهیرەی پایتەختی میسر بوو دەرچوو، بابەتەکانی ڕۆژنامەی کوردستان زیاتر هاندانی بڵاوکردنەوەی خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی بوو لە ناو هاوڵاتیانی ناوەوەی کوردستان دا.

ڕۆژنامەی کوردستان لە نێوان ساڵانی (١٨٩٨ - ١٩٠٢ز) ٣١ ژمارەی لە چەند شوێنێکی جیاواز لێ دەرکرا.

لە ژمارە ١ تا ٥ لە لایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە شاری قاهیرە دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەخۆشکەوتنی میقداد مەتحەت بەدرخان و فشاری دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە، میقداد مەدحەت بەدرخان لێپرسراوێتی دەرکردنی (ڕۆژنامەی کوردستان)ی خستووەتە ئەستۆی عەبدولڕەحمانی بەدرخانی برای و لە ژمارە ٥ بە دواوە لە لایەن براکەیەوە دەرچوون.

لە ژمارە ٦ تا ١٩ لە ژنێف لە سویسرا، لە ژمارە ٢٠ تا ٢٣ دووبارە لە قاهیرە، ژمارە ٢٤ لە لەندەن، ژمارە ٢٥ دوو جار دەرچووە یەکەمیان لە شاری لەندەن و دووەمیشیان لە شاری فۆکستۆن هەر لە بەریتانیا دەرچوون. لە ژمارە ٢٦ - ٢٩ لە شاری فۆکستۆن لە و ژمارەکانی ٣٠ و ٣١ لە ژنێف لە دەرچوون.

ڕۆژنامەی کوردستان لە مانگێکدا دووجار دەرچووە و دوا ژمارەی کە دەکاتە ژمارە ٣١ لە بەرواری١ی نیسانی (١٩٠٢ز) لە شاری قاهیرە دەرچووە.

ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان بە شێوەی نهێنی دەگەیەنرایە کوردستان و بەشێک لە بابەتەکانی ڕۆژنامەکەش بۆ هۆشیارکردنەوەی نەتەوەیی کورد و لایەنەکانی مێژوو و وێژە و کەلتووری کورد تەرخانکرابوو.